مەسك: ئەگەر 6 ملیار دۆلار كێشەی برسێتی لە جیهاندا چارەسەر دەكات ئەوا تێسلا دەفرۆشم

01/11/2021 هەمەڕەنگ

نەوا-
ئیلۆن مەسك ملیاردێری ئەمریكی و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای تێسلا دەڵێت، ئەگەر 6 ملیار دۆلار كێشەی برسێتی لە جیهاندا چارەسەر دەكات، ئەوا ئامادەیە پشكەكانی كۆمپانیاكەی بفرۆشێت بەڵام مەرجی هەیە.
مەسك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردووەتەوە، ئەگەر بەرنامەی خۆراكی جیهانی دەتوانێت بە 6 ملیار دۆلار كێشەی برسێتی لە جیهاندا چارەسەر بكات، دەستبەجێ پشكەكانم لە كۆمپانیای تێسلا دەفرۆشم و پارەكەی دەبەخشم.
ئەو ملیاردێرە مەرجی بۆ ئەو كارە هەیە و نوسیویەتی، بەڵام پێویستە بسەلمێنرێت و نەتەوە یەكگرتووەكان رووپێوییەكی ئاشكرا پێشكەش بكات و لە كۆمێنتەكانی ئەم تویتەم بڵاوی بكاتەوە، تاوەكو خەڵك بیبینێت كە چۆن پارەكە خەرج دەكرێت.
بەپێی دوایین ریزبەندی گۆڤاری "فۆڕبس" ئیلۆن مەسك دەوڵەمەندترین كەسایەتی مێژووە و خاوەنی 272 ملیار دۆلارە، پێشتریش نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاوی كردبووەوە كە تەنها 2%ی سەروەتی مەسك بەشی نەهێشتنی كێشەی برسێتی لە جیهاندا دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group