لەمیعە محەمەد: تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان وەك تەڵە بۆ رەگەزی مێ بەكاردەهێنرێت

28/11/2021

بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی كۆمەڵگەیی گەرمیان هۆكاری زیادبونی حاڵەتەكانی توندوتیژی دژی ژنان بۆ رادیۆی نەوا باسدەكات و دەڵێت، لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان هەندێك بەرامبەر بە رەگەزی مێینە وەك تەڵە كاردەكەن و هەندێكیشیان وەك باند. 
عەمیدی مافپەروەر لەمیعە محەمەد قادر بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی كۆمەڵگەیی گەرمیان بە بەرادیۆی نەوای راگەیاند: چەند هۆكارێك هەن كە وایكردوە حاڵەتەكانی توندوتیژی دژی ژنان زیاد بكەن ئەو حاڵەتانە چ لەناو خێزان بن یاخود لە دەرەوەی خێزان، بەڵام ئەوەی هۆكاری سەرەكی بێت بۆ زیادبونی كێشەو گیروگرفتەكان خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن و  گێچەڵی ئەلكترۆنییە بەتایبەت دژی رەگەزی مێینە چ لەناو خێزانی خۆیان یاخود لە دەرەوە، حاڵەتەكانی دەرەوەی خێزانەكان هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی یا وێنەی كەسەكانن چ لەلایەن ئەو كەسانەوە كە پەیوەندی راستەوخۆیان هەیە لەگەڵیاندا بۆ ماوەیەك وەك تەڵەیەك پەیوەندییەكە لەگەڵیاندا دەبەستن، چ لەلایەن كەسانێكی ترەوە كە وەكو باند كاردەكەن لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆئەوەی دەستكەوتێكی مادیان هەبێت، ئەمە هۆكاری سەرەكییە.
لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا لەمیعە محەمەد وتی: 50%ی هۆكارەكانی تری ناسەقامیگری بارودۆخی ئابوری و ئاسایشی وڵاتە، هەروەها پابەندبون بە باكگراوندێكی دواكەوتویی كە پێشتر لە بنەرەتدا باڵی كێشاوە بەسەر كۆمەڵگای كوردی و ئەو كۆمەڵگایانەی وەكو ئێمەن، ئەمانە هەمویان هۆكارن، بۆیە دەتوانین بڵێین ژن تاخۆی سەربەخۆ نەبێت و نەتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت و كارێكی دەستبەكەوێت، هەر ملكەچبونی روبەڕودەبێتەوە، بۆیە ژن ئەگەر سەربەخۆبێت و پشت بەخۆی ببەستێت دەتوانێت خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و بتوانێت ژیانێكی شایستە بۆخۆی دابین بكات بێئەوەی هیچ توندوتیژییەك بەرامبەری بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group