زریان و بای بەهێز لە توركیا 5 كەسی كوشتووە

01/12/2021 جیهان

نەوا-
وەزارەتی تەندروستی توركیا رایگەیاند، بە هۆی بای بەهێزو زریان لە باكوری ئەو وڵاتە پێنج كەس گیان لەدەستداوە و 63 كەسی دیكەش برینداربوون، گەشتكردن بۆ دەرەوەی ئیستەنبوڵیش بەشێوەی كاتی راگیراوە.
وەزارەتی تەندروستی توركیا دەربارەی ئەو با و زریانە بەهێزەی رووی لە ناوچەی مەڕمەڕەی باكوری رۆژئاوای ئەو وڵاتە‌ كردوە لە بەیانامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، تاوەكو ئێستا پێنج كەس گیانیان لەدەستداوە و 63 كەسی دیكەش بریندار بوون و خێرایی با لە دوو رۆژی رابردوودا گەیشتبووە نزیكەی 130 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا.
باس لەوەشكراوە، لە رۆژی سێشەممەدا خێرایی با زیادبووە و بەهۆیەوە هاتووچۆی ئاسمانی راگیرا و سەرجەم خوێندنگاكان لە ژمارەیەك ناوچەدا داخران، هەروەها لە چەند ناوچەیەكی ئیستەنبوڵ بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە ماڵ و حاڵی هاوڵاتیان.
لەلایەكی ترەوە هێڵی ئاسمانی توركیا لەراگەیەندراوێكدا جەختی لەوە كردووەتەوە، بەهۆی بونی بایەكی بەهێز و ناجێگیریی رەوشی كەشوهەوا، مەترسی لەسەر گەشتە ئاسمانییەكان دروست بووە و تۆماركردنی گەشتیاران بەمەبەستی گەشتكردنیان بۆ دەرەوەی ئیستەنبوڵ بەشێوەیەكی كاتی راگیراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group