زیاد جەبار: وشەی داهات ناگەڕێتەوە بۆ حكومەت هیچ بنەمایەكی نییە

06/12/2021

بڕیارە سبەینێ 7-12 پەرلەمانی كوردستان لەسەر تاوتوێكردنی چەند پرسێك كۆبێتەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی پەرلەمانی كوردستان كە كارنامەی دانیشتنەكەی تیادا رونكردۆتەوە، سەرەتای دانیشتنەكە بەبۆنەی یادی 10 ساڵەی كۆچی دوایی دۆستی كورد (دانیال میتران)، جیلبەرت میترانی كوڕی ئامادەبێت و وتەیەك پێشكەش دەكات، دواتر لە یەكێك لە بڕگەكاندا راپۆرتی بەدواداچونی لیژنەی (دارایی و كاروباری ئابوری) لەپەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە داهاتەكانی هەرێمی كوردستان دەخرێتەڕوو.
لەوبارەیەوە زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بە رادیۆی نەوای راگەیاند: ئەركی لیژنەكەمانە كە بەدواداچون بكەین بۆ هەموو كێشە داراییەكان و دۆخی دارایی، بۆیە لەسەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لیژنەكە راسپێردرا بەدواداچون بكەین لەسەر داهاتەكان، سبەینێ كە گەیشتە سەر ئەو بڕگەیە ئەوا راپۆرتەكەمان پێشكەش دەكەین.
لەبارەی دۆخی داهات لەهەرێمی كوردستان زیاد جەبار رایگەیاند: داهاتەكانی هەرێمی كوردستان دیارن، سەرەكیترینیان فرۆشتنی نەوتە ئێستاش نەوت لەئاستێكی باشدایە لەبەرئەوە دیارە كە داهات زیادیكردوە، داهاتی ناوخۆش كە پێكدێت لە خاڵە سنورییەكان و گومرگ و رسومات ئەوەش لەكاتێك بۆ كاتێكی ترو لە شوێنێك بۆ شوێنێكی تر جیاوازە.
لەبارەی ئەو قسانەی دەگوترێن كە داهاتی سلێمانی ناچێتەوە بۆ حكومەت، زیاد جەبار وتی: دەمەوێت دور لە هەر ئایدایەكی سیاسی و بە پیشەیی قسە لەسەر ئەو بابەتە بكەم، بەكارهێنانی ئەو وشەیەی كە داهات ناگەڕێتەوە بۆ حكومەت هیچ بنەمایەك و راستییەكی نییە، لەبەرئەوەی داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە هەمووی لەخانەقینەوە تا زاخۆ هەموو دەچێتەوە ئەو بانكانەی هی حكومەتی هەرێمی كوردستانن و لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمدایە، داهاتی سلێمانی كە پێكدێت لە دەروازە سنورییەكان و گومرگ و ناوخۆ لە باج و رسومات هەمویان دەچنە گەنجینەی داراییەوە بە ژمارە نەك بە گوێنی پارەكان بگوازنەوە  بۆ وەزارەتی دارایی، بانكێك هەیە لەسلێمانی ناوی ئاشتی-یە هی حكومەتی هەرێمی كوردستانەو پارە بە فەرمانی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران خەرج دەكرێت و بەهەمان شێوە لەبانكی منارەی هەولێریش بەهەمان شێوەیە.
زیاد جەبار وتیشی: بۆ نمونە بۆ موچەی مانگی 11، 70 ملیارو 520 ملیۆن دینار لەبانكی ئاشتی سلێمانی داواكراوە كە تەمویل بكرێت بۆ موچە، ئەمە تەنها داهاتی سلێمانی نییە هەموو ئەو خەرجیانەی بۆ دامودەزگاكانی حكومەت لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لەداهاتی ناوخۆی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەدرێت.
هەروەها سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان زیاتر دوا لەسەر خەرجی داهاتی سلێمانی و وتی: بەشێكی ئەم پارەیە بۆ دامەزراوە سیادییەكانی هەرێم لە پارەی داهاتی سلێمانی خەرج دەكرێت، هەروەها هەموو پرۆژەكانی سنوری سلێمانی لە داهاتی خۆی دەدرێت و راستە نوسراوەكە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دێت چونكە ئەو حكومەتە، تەنها دابینكردن و  واژۆكەی لە هەولێرە ئەوی تر لە سلێمانییە، بۆیە هەموو ئەو پرۆژانەی حكومەتیش بڕیاری لێدەدات بۆ پارێزگای سلێمانی لەسەر داهاتی خۆی خەرج دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group