لێكۆڵینەوەیەك هۆشداری دەدات: ئەو ژنانەی ئەنتی بایۆتیك بەكاردەهێنن مێشكیان لاوازترە

29/03/2022 هەمەڕەنگ

نەوا-
بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ، ئەو ژنانەی ئەنتی بایۆتیك بەكاردەهێنن مێشك و ئاستی بیكردنەوە و هۆشیاری و فێبوون و بیرەوەریان لاوازترە لەو ژنانەی بەكاری ناهێنن.
لە توێژینەوەكەدا هاتووە، توێژینەوەكانی پێشوو پەیوەندی نێوان ریخۆڵە و سیستمی دەماریان سەلماندووە، هەروەها ئەنجامەكان پەیوەندی نێوان هەندێك كێشەی ریخۆڵە و هەندێك نەخۆشی دەروونیان سەلماندووە.
ئەوەش هاتووە، ئەوەش ئاشكرایە كە بەكارهێنانی ئەنتی بایۆتیكەكان كێشەی مەترسیدار لەسەر ریخۆڵە دروست دەكەن، چونكە بەكتریای زیانبەخش و سودبەخشیش لەهەمان كاتدا لەناودەبەن، لەو بارەیەشەوە توێژینەوەیەكی نوێ لەسەر ئەو ژنانەی لە تەمەنی مامناوەندیدان كراوە.
بەپێی توێژینەوەكە كە لەسەر زیاتر لە 15 هەزار پەرستاری ژن كراوە و رێژەی مامناوەندی تەمەنیان 54 ساڵا بووە و ئەنتی بایۆتیكیان بەكارهێناوە، دەركەوتووە بەكارهێنانی ئەو دەرمانە دەبێتە هۆی كاریگەری لەسەر مێشك، تاقیكردنەوەكە یاریەكی كۆمپیوتەری بووە و رێژەی خێرایی بیركردنەوە و هۆشیاری و فێربوون و بیرەوەریان هەڵسەنگێنراوە.
جەخت لەوەش كراوەتەوە، شارەزایان بۆیان دەركەوتووە كە ئەو ژنانەی لانیكەم بۆ ماوەی 2 مانگ ئەنتی بایۆتیكیان بەكارهێناوە، چالاكی و توانای مێشكیان بە بەراورد بەوانەی بەكاریان نەهێناوە لاوازترە، دابەزینی توانای مێشكیشیان بەشێوەیەك بووە كە 3 بۆ 4 ساڵی چوونە تەمەنەوە بەهەمان رێژە دادەبەزێت.
ئەنتی بایۆتیك بریتین لە ئەو دەرمانانەی كە بەكاردەهێنرێن بۆ چارەسەركردنی هەوكردن، كە بەهۆی بەكتریاوە مرۆڤ تووش دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group