هێزەكانی هاوپەیمانی بڕی ئەو پارەیەی ئاشكرا كرد كە لەعیراق و سوریا خەرجیكردوە

15/05/2022 عێراق

هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بڕی هاوكارییە پێشكەشكراوەكانی لە چوارمانگی یەكەمی ئەمساڵدا لە عیراق و سوریا ئاشكرا كرد.
لە راگەیەنراوێكدا هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاندوە، لەچوار مانگی یەكەمی ئەمساڵی 2022دا هێزی ئەركە هاوبەشەكان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكانی ئیرادەی پۆڵایین بەتێكڕا بڕی 219 ملیۆن دۆلاری هاوكاری پێشكەشی هێزە هاوبەشەكانی لەعیراق و سوریا كردوە ئەویش لە رێگەی پرۆگرامێكی ئەمریكاوەیە كە بۆ پشتیوانیكردنە لە راهێنان و پڕچەككردن لەپێناو بنبڕكردنی داعشدا،  كە لەچوارچێوەی هەواڵە بەردەوامەكاندایە بۆ پارێزگاریكردن لە بەردەوامی لەناوبردنی چەكدارانی داعش.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو پرۆگرامە ئەمریكیە گوزارشتە لە پشتیوانی ئەمریكاو هەر دوو ساڵ جارێك توانای هێزە هاوبەشەكانی بەرزدەكاتەوە بۆ زامنكردنی لەناوبردنی ئەو چەكدارانە. 
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە ئەو پرۆگرامە ئەمریكییە لەساڵی 2014ـەوە زیاتر لە 8 ملیارو 900 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی پێشكەشی هێزە هاوبەشەكان كردوە كە پێداویستیە گەڕۆكەكانیش لەخۆدەگرێت وەك ئۆتۆمبێلی سەربازی و ئەمبوڵانس و تانكەری سوتەمەنی لەگەڵ هۆكارەكانی پەیوەندیكردن بۆ چاودێریكردنی جوڵەی هێزی ئاسمانی و بەكارهێنانی چەكەكانیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group