دادگای فیدراڵی دەسەڵاتەكانی مستەفا كازمی دیاریكرد

15/05/2022 عێراق

دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر داوای بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق بە پشتبەستن بە داواكاری ژمارەیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، شیكردنەوەی دەستوریی بۆ دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدراڵی دەكات لەكاتی كاربەڕێكردندا.
دادگا باڵای فیدراڵی دەقی بڕیاری شیكردنەوە دەستورییەكەی بڵاوكردەوە كە سەرجەم دەسەڵاتەكان پابەند دەكات بە گوێڕایەڵی و جێبەجێكردنی.
لەبەشێكی ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵیدا ئاماژە بەوەكراوە، لە رۆژی 15-5 بەسەرۆكایەتی دادوەر جاسم محەمەد عەبودو دادوەرانی ئەندام دانیشتنی سەبارەت بە پرسیارو بەدواداچون لەسەر داواكاری سەرۆك كۆماری عیراق بە پشتبەستن بە داوای ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سازكرد لەبارەی دەسەڵات و ئەركەكانی حكومەتی كاربەڕێكەری رۆژانەو بەناوی گەلەوە بڕیایدا.
دادگای فیدراڵی لەبڕیارەكەیدا هۆكارەكانی گۆڕانكاری لە دەسەڵاتەكانی حكومەتی ناوەندی شیكردۆتەوەو ئاماژەی بەوە كردوە، حكومەتی كاربەڕێكەری رۆژانە واتە ئەو حكومەتە لەسروشتیەوە دەگۆڕێت بە هەموو دەسەڵاتەكانیەوە بە دەسەڵاتێكی سنوردار، ئەوەش لە دوو حاڵەتدا دەبێت، یەكەمیان وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران، دوەمیشیان هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانە بەگوێرەی هەردوو مادەی 61 و 64ی دەستوری عیراق، لەو دوو حاڵەتەشدا ئەنجومەنی وەزیران بە سەربەخۆیی دەمێنێتەوەو دەبێتە كاربەڕێكەر كە دەسەڵاتی دەركردنی چەند بڕیارێك و رێوشێنەكانی بەردەوامیدانە بە كاری كەرتی گشتی و بەردەوامیدان بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی هاووڵاتیان، بڕیارەكانیش ناچنە چوارچێوەیەكەوە كە هۆكارو پاڵنەری سیاسیان هەبێت و كاریگەریی گەورە لەسەر داهاتوی عیراق بە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەوە دابنێت.
هەر لەبڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا هاتوە كە حكومەتی كاربەڕێكەر ناتوانێت پێشنیاری پرۆژەو یاساو گرێبەستی قەرزكردن و دامەزراندنی پۆستی باڵا لە دەوڵەتدا بكات  یاخود دوریانبخاتەوەو پەیكەری وەزارەتەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانیش رێكبخاتەوە، بۆیە دادگا ئەم بڕیارەی دەركرد بە رێككەوتن و كۆتاو پابەندییە بۆ سەرجەم دەسەڵاتەكان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group