هۆشیار زێباری جارێكی تر هێرش دەكات سەر دادگای فیدراڵی

16/05/2022

نەوا-
هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی تر هێرش دەكاتەوە سەر دادگای فیدراڵی عیراق و پێی وایە، دەبێت دۆخەكە راست بكرێتەوە.
هۆشیار زێباری لە تویتێكدا باسی لەوە كردووە، دیسان دادگای فیدراڵی كە دەستوری بوونی جێی پرسیارە، خۆی بە فەرمانڕەوای پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن دادەنێت، وەك ئیرادەیەك مامەڵە دەكات و ئامڕازی لێبوردنی بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان بەسەر وڵاتدا هەیە.
زێباری ئاماژەی بەوەشداوە، بۆیە دۆخەكە دەبێت راست بكرێتەوە و رێگری لە ستەمكاری دەسەڵاتی دادوەری سیاسی بكرێت و هیچ دەسەڵاتێك بەسەر دەسەڵاتی دادوەریدا نییە جگە لە یاسا.
پێشتر و لە مانگی شوباتی ئەمساڵ دادگای فیدراڵی رێگریكرد لە خۆكاندید كردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق و بەهۆی ئەوەشەوە ناوبراو وتبووی، دادگای فیدراڵی بەرپرسیارە لە روودانی هەر پشێوییەك لە وڵاتدا.
رۆژی یەكشەممەش هەمان دادگا دەسەڵاتەكانی "حكومەتی كاربەڕێكەر"ی دیاری كرد و جەختی لەوە كردبووەوە، ناتوانێت پڕۆژەیاسای درێژخایەن پێشكەش بكات، بۆیە پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراكیش رەتدەكرێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group