كازمی داوایەك لە لایەنە سیاسییەكانی عیراق دەكات

17/05/2022 عێراق

لەمیانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق راگەیاند: تائێستا بێدەنگیمان هەڵبژاردوە بۆئەوەی كاریگەیی نەكاتە سەر دانوستانی لایەنەكان.
مستەفا كازمی لەمیانی وتەیەكیدا بۆ وەزیرانی كابینەكەی رایگەیاندوە، بەوپەڕی متمانەوە بە گەل و سەرجەم پێكهاتەكانی دەڵێم ماوەی حەوت مانگە هەڵبژاردن كراوە حكومەت پێكنەهێنراوە بە راستگۆیی كارمانكردوە، هەندێك لە هەوڵدان بەربەست دروستبكەن لەبەردەم حكومەت و دەیانەوێت دەستی كەلەپچە بكەن جیا لەوەی بگەڕێن بۆ چارەسەرێك كە عیراقی خستۆتە چەقبەستوییەوە، بێدەنگ بونیشمان تەنها بۆئەوەیە كە كاریگەریی نەكاتە سەر رێڕەوی لێكتێگەیشتنە سیاسییەكان و نەمانویستوە ببینە لایەن تیایاندا.
كازمی راشیگەیاندوە، حكومەت بە ئەركەكانی خۆی هەستاوە بە لێپرسراوێتیەوە هەرچی لە دەستیدا بوە كردویەتی بەرامبەر ناوزڕاندن و درۆكردنیاندا دانمان بەخۆماندا گرتوە تەنها لەپێناو بەرژەوەندی گەلەكەمان، بۆیە لەبەرامبەر هەمو هەڕەشەكاندا حكومەت هاووڵاتیانی خۆی بەجێنەهێشت لەكاتێكدا ئێستاش جیهان بە دۆخێكی قورس و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، لەگەڵیشیدا بەردەوام دەبین بە هەمو هێزێكەوە بۆ گەڕان بەدوای دابینكردنی پێداویستییەكانی وڵاتدا.
لەكۆتاییشدا كازمی داوای لەلایەنە سیاسییەكان كردوە بە هەڵوێستەكانیاندا بچنەوە لایان رون بێت كە قەیرانی نێوان هێزە سیاسییەكان قەیرانی متمانەیە كە گەیاندونی بەبەستەڵەكی سیاسی، ئێستاش هەل لەبەردەمیاندایە بۆ گەڕانەوەی متمانە ئەگەرنا هەموو زیان دەكەن  و هیچ كەسێك لە دۆڕاندنی متمانە سود نابینێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group