وەزیری سامانە سروشتیەكان: باوەڕ ناكەم بەغدا هێز بەكاربهێنێت

20/06/2022

نەوا
كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بە وەكالەت دەڵێت، بەغداد ئاگاداری مامەڵەی نەوتە لە هەرێم و  پێشبینی ناكات هێز بەكار بهێنێت بۆ دەست بەسەرداگرتنی بیرە نەوتییەكانی كوردستان.
كەمال محەمەد لە چاوپێكەوانێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا وتویەتی، سەبارەت بەوەی نەوت رادەست بە بەغداد دەكەن یاخودنا، ئەمە بابەتێكە لە نێوان دوو حكومەت و شتێكی شاراوە نییە، هەمووشتێك بەپێی رێككەوتن ئەنجامدراوە و عیراق لە بودجەی 2021 پەسەندی كردووە و باسی لێوەكراوە.
رونیشیكردووەتەوە، عیراق ئاگاداری مامەڵەی نەوتە لە هەرێم، بەڵام بۆ رێككەوتن لەسەر ئالیاتەكان وەكو هەرێم ئامادەن هەموو شتێك بە لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێت، پێشبینی ناكات عیراق هێز بەكاربهێنێت بۆ دەست بەسەرداگرتنی بیرە نەوتییەكانی هەرێم.
سەبارەت بەسكاڵاكەی حكومەتی عیراق لەسەر كۆمپانیا نەوتییەكان وەزیری سامانە سروشتیەكان بە وەكالەت وتی، ئەگەر هاتوو بەغداد داوایەك لەسەر كۆمپانیایەكی نەوتی تۆمار بكات كە بارەگا و جێگەی ئیشكردنیان لەهەرێمە ئەوا سەرپێچیكردنە لە یاسا و ئەو مافەی نییە، ئەگەر دادگا هەبێت پێویستە لە هەرێم دادگاییكردنەكە ئەنجام بدرێت چونكە ئەم كۆمپانیایە لە هەرێم كاردەكات و ئەگەر كێشە هەبێت لەگەڵ حكومەتی هەرێمە نەك لەگەڵ بەغدا، واتە ئەم بابەتە سیاسییە و هیچ پەیوەندی بە كۆمپانیاكەوە نییە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group