روسیا هەڕەشەی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم دەكات

28/06/2022 جیهان

نەوا-
دیمتری مدڤیدیڤ جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی روسیا دەڵێت، هەر هێرشێك بۆ سەر نیوە دورگەی قرم دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم.
مدڤیدیڤ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوە كردووە، هەر هەوڵێك بۆ دەستدرێژیكردنە سەر قرم راگەیاندنی شەڕە دژی روسیا، ئەگەر دەوڵەتێكی ناتۆ ئەو كارە بكات ئەوا واتای دروستبوونی پێكدادان لەگەڵ ناتۆ و ئەوەش واتای هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم و دروستبوونی كارەساتێكی گەورە.
رونیشیكردووەتەوە، تەنانەت بەبێ‌ سوید و فینلەندا ناتۆ لە سنورەكانمان نزیكە، ئەگەر ئەو دوو وڵاتە پەیوەندی بەو هاوپەیمانێتییەوە بكەن ئەوا هەنگاوی روبەڕووبونەوەمان دەبێت، چونكە فراوانكردنی ناتۆ لەم كاتەدا واتای فراوانكردنی سنورەكانیەتی لەگەڵ روسیا بۆ زیاتر لە دوو هێندە.
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی روسیا لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتویەتی، بارودۆخی نائەتۆمی لە دەریای بەڵتیق شتێكە بووە بە رابردوو، هێزی وشكانی و دەریایی بە ئاڕاستەی باكور بە شێوەیەكی مەترسیدار زیاد دەكرێت، كەس بەوە دڵخۆش نییە تەنانەت هاوڵاتیانی سوید و فینلەنداش.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group