پەرلەمانتارێك: قەیرانی بەنزین بۆ دروستكردنی لەمپەرە لەبەردەم چوارچێوەی هەماهەنگی

28/06/2022 عێراق

نەوا-
رەفیق ساڵحی ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەسەر پشكی هاوپەیمانی فەتح پێی وایە، قەیرانی بەنزین لە عیراق چەند لایەنێكی لە پشتە و ئامانج لێی لەمپەر دروستكردنە لەبەردەم پێكهێنانی حكومەت لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە.
رەفیق ساڵحی لە لێدوانێكدا بە میدیا عیراقییەكانی وتووە، لایەنی ناوخۆیی هەن كە قۆرخكاری لە بەنزیندا دەكەن بە مەبەستی دروست كردنی قەیران، هەروەها بەنزین بە قاچاخ دەبەن بۆ بەنزینخانە ناحكومییەكان.
پێشی وایە، ئەوەش لە پێناو فشار دروست كردنە لەسەر هەندێك فراكسیۆنی شیعە كە هەوڵی پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان دەدەن.
بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئاژاوە سودی بۆ ئەوانە هەیە كە دروستی دەكەن، چونكە دەبێتە لەمپەر لەبەردەم چوارچێوەی هەماهەنگی لە پێكهێنانی حكومەتدا، وەزارەتی نەوت بە ئەركی خۆی هەستاوە و بەدواداچوونی ئەلكترۆنی بۆ ئەو شۆفێرانە دەكات كە سوتەمەنی دەگوزانەوە و رێڕەوەكانیان دەگۆڕن و بەنزینەكە بە قاچاخ دەبەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group