مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ كارو چالاكییەكانی راگرت

29/06/2022

بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال لەچەمچەماڵ لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، چەند پرۆژەیەك لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی چەمچەماڵ ئەنجامدەدرێت.
هابیل حاجی ئەحمەد بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەشكرد: لە پاش رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بە بڕی 517 ملیۆن دینار چەند پرۆژەیەك لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی چەمچەماڵ ئەنجامدەدات، لەمڕۆ بەدواوشەوە پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی بینای بەڕێوەبەرایەتی مۆنۆمێنتی ئەنفال دەستبەجێبەجێكردن دەكات، بۆیە كارو چالاكی و پێشوازی لە شاندی بیانی و ناوخۆیی و رێكخراوەكان رادەگرن تا كۆتاییهاتنی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە.
پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی مۆنۆمێنتی ئەنفال پێكدێت لە نۆژەنكردنەوەی گۆڕستانی مۆنۆمێنت و بینای مۆنۆمێنتەكەو هەڵكەندنی بیرێكی ئیرتیوازیی و راكێشانی ئاو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group