وەزیری ناوخۆی هەرێم: دەبێت كەمترین چەك مۆڵەتی پێبدرێت

29/06/2022

وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: چەند رۆژی داهاتوو یاسای نوێی هەڵگرتنی چەك لەهەرێمی كوردستان دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بۆ بەشێك لە كەناڵەكانی راگەیاند وتی: لە رابردوودا یاسایەكی نوێی چەكمان لەپەرلەمانی كوردستان تێپەڕاند، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران سورە لەسەر ئەوەی كە لە نزیكترین كاتدا ئەم یاسایە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەچەند رۆژی داهاتوو دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوەو ئەو شوێنانەی چەك دەفرۆشن رێكدەخرێتەوەو مۆڵەتیان پێدەدرێت و بەشێوەی ئەلكترۆنی ئەو مۆڵەتە رێكدەخرێت.
وتیشی: هەركەسێك داوای مۆڵەتی چەك هەڵگرتن بكات رێكاری ئیداری و یاسایی و تەندروستی هەیە كە لە روی دەرونیەوە ئەو كەسە دەبێت ئاگاداربێت لە هەڵگرتنی چەك و هۆكارێكی پشتڕاستكراوی هەبێت كە پێویست بكات چەك هەڵبگرێت هەر شوێنێك بەدەر لەو رێكارانە چەك بفرۆشێت رێكاری توندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر لەڕوی یاسای  و داراییەوە سزا دەدرێت.
رێبەر ئەحمەد راشیگەیاند: ئەگەر ئەمەش رێكبخرێت كۆتایی بە روداوی كوشتن نایەت، چونكە تاوان و تاوانكاری لەمێژوی مرۆڤایەتی بەشێك بوە لێی بۆیە سورین كە دەبێت كەمترین چەك مۆڵەتی پێبدرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group