لیزا كاكەیی: هیچ بیانویەك نیە بوترێت بانكەكان پارەیان نیە بۆ پێدانی موچە

06/07/2022

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندوە، هیچ بیانویەك نیە كە بوترێت بانكەكان پارەی پێویستیان نییە بۆ پێدانی موچە.
لیزا فەلەكەدین كاكەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردۆتەوە، لەم مانگەدا 50%ی داهاتی نەوتی فرۆشراو بۆ وەزارەتی دارایی گەڕاوەتەوە كە بڕەكەی 500 ملیۆن دۆلارە، لەپاڵ ئەوەشدا بەڕێكخستنەوەی داهاتی نانەوتی توانراوە رێژەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەرزبكرێتەوە، بەگوێرەی قسەكانی وەزیری دارایی هەرێم بۆ ئەم مانگە داهاتی نانەوتی 268 ملیار دینار بوەو یەك ملیار دۆلاریش قەرز دراوەتەوەو لە شەش مانگی ئەم ساڵدا موچە مانگانە دابەشكراوە، هەروەها موچە پاشەكەتكراوەكانیش كراونەتە قەرز لەسەر حكومە، كەوایە ئیتر هیچ بیانویەك نییە كە نە لەهەولێر و نە لە دهۆك و  نە لەسلێمانی بوترێت بانكەكان پارەی پێویستیان نییە بۆ پێدانی موچە.
لیزا كاكەیی راشیگەیاندوە، ئەوەی ئێستا لەسلێمانی رودەدات هیچ رەهەندێكی دارایی و كەمتەرخەمی حكومەتی لەپشتەوە نیەو ئەم بابەتە جێگەی پرسیاری هەمومانە بەتایبەت بۆ دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی و مافی خۆیانە بپرسن بۆ، هەركاتێك بابەتێكی سیاسی دێتە پێشەوە موچەخۆرانی سنوری سلێمانی و بەتایبەت خانەنشینان دەكرێنە قوربانی.
راشیگەیاندوە، ئاشكرایە هەوڵێكی تێكدەرانە هەیەو بە دروستكردنی ئەم جۆرە فشارانە لەخەیاڵی خۆیان دەیانەوێت خەڵك چەواشە بكەن و زیان بە حكومەت بگەیەنن و خەڵكی لێ ناڕازی  بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group