مەحمود عوسمان: ئەمریكا و ئێرانیش تاقەتی عیراقیان نەماوە

09/08/2022 عێراق

نەوا-
د. مەحمود عوسمان سیاسەتمەتدار و چاودێری سیاسی پێی وایە، ئەمریكا و ئێرانیش تاقەتی عیراقیان نەماوە و نایەن وەك جاران لایەنە ناكۆكەكانی شیعە رێكبخەنەوە.
د. مەحمود عوسمان بە دەنگی ئەمریكای وتووە،  ئەگەر گفتوگۆی لایەنە عیراقییەكان لە هەولێر بكرێت سەدر نایەڵێت سەركەوتوو بێت، هیچ وڵاتێك تاوەكو ئێستا نەهاتووە بكەوێتە نێوانیانەوە خەڵك تاقەتی چووە لەعیراق نە ئەمەریكا تەنانەت ئێرانیش نایەنە نێوانیانەوە وەكو كۆن رێكیانبخەنەوە لەبەرئەوە خۆیان دەبێت هەوڵبدەن دابنیشن و گفتوگۆ بكەن.
پێشی وایە، ئەگەر ئەوەی عیراق بەمشێوەیە بمێنێت دوور نییە پریشكی بگاتە هەرێمی كوردستان، چونكە ئەوەی كە لەبەغداد رودەدات ئێستا دوو حزبە سەرەكیەكە یەكێكیان مەیلی سەدرە یەكێكیشیان مەیلی چوارچێوەی هەماهەنگیە و لەگەڵیانن، بێگومان ئەگەر ناكۆكی ئەوان سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی پەرەبسێنێت لێرەش پەرە دەسێنێت.
ئەو سیاسەتمەدارە دەشڵێت، حەقبوو هەردووكیان یەكگرتووبن و بەیەكەوە لە بەغداد مامەڵە بكەن نەك یەكێكیان بچێتە ئەمبەر و یەكێكیان بچێتە ئەوبەر ئەوە لەبنەڕەتدا شتێكی هەڵە بووە، ئومێدەوارە پێكدادان نەبێت، رەنگە پێكدادانی شەڕ نەبێت بەڵام ئەم پێكدادانە سیاسیە و ئەم ناكۆكیە سیاسیە قوڵتر دەبێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group