تەرمی ئاخنین فاروقی 6 ساڵان دۆزرایەوە

13/08/2022

نەوا-
پۆلیسی زاخۆ ئاشكرای كرد، دوای نزیكەی 24 كاتژمێر لە دەستگیركردنی بكوژی فاروق میرزا و كچەكەی، تەرمی ئاخنین فاروقی 6 ساڵان دۆزرایەوە.
هەفتەیەك پێش ئێستا كەسێك بەناوی فاروق میرزا كە ئاوارەیەكی ئێزدی بوو و كچە 6 ساڵانەكەی بەناوی ئاخنین بێسەروشوێن بوون و دواتر تەرمی باوكەكە دۆزرایەوە و گەڕان بەدوای كچەكەیدا بەردەوام بوو.
لەو بارەیەوە پۆلیسی زاخۆ بڵاویكردووەتەوە، پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە دهۆك دوای كۆكردنەوەی زانیاری، توانی بكوژی فاروق میرزا خەلەف لە گەڕەكی سەرهلدان دەستگیر بكات، بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان بكوژەكە دانی بە تاوانێكی دیكەش ناوە، ئەویش كوشتنی كچەكەی فاروقە.
پۆلیسی زاخۆ جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەمشەویش دوای زیاتر لە هەفتەیەك، تەرمی كچە شەش ساڵانەكەی دۆزرایەوە.
بەپێی زانیاریەكان، بكوژەكە پێشتر تاوانی كوشتنی ئەنجامداوە و دوای سێ ساڵ ئازادكراوە، لە ساڵی 2021 بە تۆمەتی رفاندنی دوو كچە منداڵی پەنابەری رۆژئاوای كوردستان دەستگیركرابوو، دوای ئەوەی لە كامێراكانی چاودێرییەوە دەركەوتبوو دوو منداڵەكە دەباتە دەرەوەی شار، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ئەوكات دادگا بكوژەكەی ئازادكرد، تاوەكو ئێستاش چارەنووسی ئەو دوو منداڵە نادیارە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group