بافڵ تاڵەبانی: تێكدانی سەقامگیری و رشتنی خوێنی خەڵكەكەمان لەبیرناچێتەوە

28/09/2022

بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوای دەستبەجێی راگرتنی بۆردومانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات و رایدەگەیەنێت: بەنیگەرانیەكی زۆرەوە لە بۆردومانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان دەڕوانین كە چەندین شەهیدو برینداری لێكەوتوەتەوەو دەیان خێزانیش ئاوارەبون، ئەمە پێشهاتێكی ترسناك و مەترسیدارە كە قوڵایی هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە و داوای دەستبەجێ راگرتنی دەكەین.
‌‎ بافڵ تاڵەبانی راشیگەیاندوە، هیچ پاساوێك بۆ ئەم سنوربەزاندنە نیەو مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی هەرێم و عیراق، داواكارین خاكی هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسی و سەربازییەكان بەكارنەهێنرێت و هاووڵاتیان نەكرێنە قوربانی ململانێكان، ‌‎داوا لە حكومەتی عیراق دەكەین ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی خاكی عیراق و هەرێم جێبەجێ بكات، سەروەری وڵات بپارێزێت و رێگری لە پێشێلكاری و چەندبارەبونەوەی هێرشەكان بكات.
‌لە كۆتاییشدا بافڵ تاڵەبانی ئاماژەشیكردوە، دەمەوێت هەموولایەك دڵنیابكەمەوە بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و تێكدانی سەقامگیری خاكەكەمان هەرگیز لەیادناكەین و رشتنی خوێنی خەڵكەكەمان لەبیرناچێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group