نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر بۆردومانەكانی ئێران پەیامێكی بڵاوكردەوە

29/09/2022

نەوا-
نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر بۆردومانەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان نیگەرانە و داواش دەكات، دەستبەجێ تۆپباران و گرژییەكان كەمبكرێنەوە.
ستیڤان دوژاریك وتەبێژی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە پەیامێكدا رایگەیاندووە، بە نیگەرانییەوە چاودێری تۆپبارانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەتایبەتی تۆپباران كردنی ناوچەكانی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی مەدەنی.
وتوشیەتی، داوا لە هەموو لایەك دەكەن دەستبەجێ كار بۆ كەمكردنەوەی گرژیەكان بكەن و تۆپابارانەكان رابگیردرێن.
لەلایەكی ترەوە رێكخراوی یونسێفی تایبەت بە منداڵان كە سەربە نەتەوە یەكگرتووەكانە، ئیدانەی هێرش كردنە سەر خوێندنگەكەی كۆیە دەكات و داواش لە هەموو لایەك دەكات رێز لە جاڕنامەی پارێزگاریكردن لە خوێندنگاكان بگرن.
بەپێی زانیاریەكی دژە تیرۆری كوردستان، لە بۆردومانەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر بارەگای حزب و كەمپەكانی كوردانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان، 13 كەس گیانیان لەدەستداوە و 58 كەسی تر بریندار بوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group