عەبدوڵڵا موهتەدی: حكومەتی هەرێم داوای لێنەكردوین بارەگاكانمان چۆڵ بكەین

29/09/2022

نەوا
عەبدوڵڵا موهتەدی سكرتێری كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران رایگەیاند، حكومەتی هەرێم داوای لێنەكردون بارەگاكانیان چۆڵ بكەن و ئەوان سەرئێشەیان بۆ هەرێم دروست نەكردووە. 
عەبدوڵڵا موهتەدی لە لێدوانێكیدا بۆ دەنگی ئەمریكا ئاشكرایكردووە، پێشمەرگەكانیان لەجێی خۆیانن و هیچ كەس مەیدانی چۆڵ نەكردووە، حكومەتی هەرێمیش داوای لێنەكردوون بارەگاكانیان چۆڵ بكەن، چۆڵكردنی ئەو بارەگایانە  ئاسان‌ نییە، بە هەزاران كەس لە ئۆردوگا و لە دەرەوەی ئۆردوگادا دەژین.
هێمای بۆ ئەوەشكردوە، وەك هێزەكانی رۆژهەڵات سەرئێشەسان بۆ هەرێم دروست نەكردووە، پشتیوانی حكومەتی هەرێمن و پشتیوانی ئەو ئەزمونەن، درێژە بە خەباتی سیاسی و كاری رێكخستن و پەروەردەیی و رۆشنبیرییان دەدەن.
سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران سەبارەت بە هێرشەكانی ئێران بۆ سەر بارەگاكانیان ئەوەی خستووەتەڕوو، بەگشتی هەموو كەس ئاگاداری كردونەتەوە بەو مانایەی كە هەموو كەس وتویەتی ئێران لێتان دەدات، بەڵام زانیاری وردیان لەسەر لێدانەكە نەبووە، باوەڕیان وایە هێرشەكانی ئێران بۆ سەر بارەگا و حزبە كوردییەكانی، كاردانەوەی گەورەی لە ناوخۆی ئێران بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group