كونسوڵخانەی ئەمریكا هۆشداری دەداتە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان

29/09/2022

نەوا-
كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر رایگەیاند، بەهۆی مەترسی هێرشەكانی ئێران لە هەندێك ناوچەی هەرێم داوا لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی  دەكات سەردانی ئەو ناوچانە نەكەن كە مەترسییان لەسەرە.
كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردوەتەوەو تێیدا هاتووە، بەردەوامن لە وەرگرتنی راپۆرتی میدیایی سەبارەت بە بەردەوامی هێرشە سەربازییەكانی ئێران بۆ سەر هێزە كوردییەكانی دژ بە ئێران لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، ئەو ناوچانەشی بەمەترسی بۆ سەر هاوڵاتیانی ئەمریكی داناوە.
رونیشیكراوەتەوە، حكومەتی ئەمریكا ناتوانێت دڵنیایی لە كۆتایی هاتنی ئەم هێرشە سەربازیانەی ئێران بدات و بەهۆی ئەگەری تیرۆر، رفاندن، ململانێی چەكداری و نائارامی مەدەنی هۆشداریی وەزارەتی دەرەوە لەبارەی گەشت بۆ عیراق لە ئاستی چوارەمدا دەمێنێتەوە و داوای گەشتنەكردن دەكات.
لە راگەیەندراوەكەی كۆنسوڵی ئەمریكا هێما بۆ ئەوەشكراوە، پێویستە هاوڵاتیانی ئەمریكی لە ناوچە بەئامانجكراوەكان كە بریتین لە پردێی نزیك كەركوك، كۆیە و زڕگوێز دوور بكەونەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group