رێكانی: برایانی سیاسی شیعەی عیراقمان بێدەنگن

29/09/2022

بەنگین رێكانی ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی لە بەغدا رایگەیاند: برایانی سیاسی شیعەی عیراقمان بێدەنگن لە بۆردومانكردنی وڵاتەكەیان.
بەنگین رێكانی بە پرسیارێك بڵاویكردۆتەوە كە ئایا جێی سەرسوڕمان نییە سیاسەتمەدارە شیعەكانی عیراق لە بۆردومانی وڵاتەكەیان بێدەنگن، ئەوان بێدەنگ دەبن ئەگەر وڵاتێك بەغدا بۆردومان بكات بەبیانوی ئەوەی كە پەنابەری دابڕاو لەو وڵاتەی تیادایە؟
دەشڵێت، قبوڵكردنی دەستێوەردانی دەرەكی و پێشێلكردنی سەروەری بابەتی پرەنسیپەو رێگەنەدان بە دەستێوەردانی وڵاتێك بەمانای رێگەدان بەوی تر نییە، چونكە نیشتمانپەروەری دروشم نیە.
لەدوای ئەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستانی بۆردومان كرد كە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تیایدا نیشتەجێن، تائێستا جگە لە وەزارەتی دەرەوەی عیراق هیچ لایەنێكی سیاسی عیراق و سەرۆك وەزیران كاردانەوەیان بە لێدوان و راگەیەنراو لەسەر ئەو بۆردومانانە نەبوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group