بەرپرسێكی گۆڕان: لە سلێمانی یەكێتی نیوەی دەنگەكانی ساختەكردووە

11/07/2018

نەوا

بەرپرسێكی گۆڕان دەڵێت، "بەپێی ئەو ئەنجامانەی دەستیان كەوتووە یەكێتی لە سلێمانی نیوەی دەنگەكانی ساختە كردووە، بەڵام پێداگری ئەو حزبە لەسەر كەمنەكردنی دەنگەكانی ئاماژەیە بۆ ئەوەی فێڵێكی تر لە پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان لە ئارادایە"، بەرپرسێكی یەكێتیش لە هەولێر دەڵێت: "ئەوە بەتەنها تۆمەتباركردنی حزبەكەی نییە، بەڵكو تۆمەتباركردنی دادگایە و دەبێت لێپێچینەوە لەوە بكرێت".
لە میانی بەرنامەی لەگەڵ رووداوەكانی رادیۆ نەوا، هێمن شێخانی بەرپرسی مەكۆی بزوتنەوەی گۆڕان، وتی: "بەپێی ئەو ئەنجامانەی بەدەستیان گەیشتووە لە میانی پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان بە دەست لە سلێمانی یەكێتی 50% دەنگەكانی ساختەكردووە و حزبی دووەمە  لەو پارێزگایە و سێ بۆ چوار كورسی بەو جۆرە بەدەستهێناوە".
وتیشی: "لە جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان لە هەولێریش دەردەكەوێت كە ساختەكاری كراوە، بەڵام بەو پێیەی دوای كۆتاییهاتنی پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان لە سلێمانی بەرپرسانی یەكێتی باسیان لەوەكرد، كە دەنگەكانیان كەمی نەكردووە، دیار لەم پرۆسەیەشدا فێڵێكی تر لە ئارادایە".
لە بەرامبەردا هەژار محەمەد تۆفیق بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن لە مەڵبەندی سێ-ی یەكێتی لە هەولێر وتی: "ئەو حزبانە، لە كونی دەرزیەوە دەڕوانن و بابەتەكان گەورە دەكەن، ئەگەر لە پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان لە كەركوك و سلێمانی چەند دەنگێك یان كورسیەك لە بەرژەوەندی ئەوان زیادی بكردایە هەرگیز بەو جۆرە نەدەدوان و ناچارن بۆ رازیكردنی دەنگدەرانیان ئەو قسانە بكەن و هۆسەیەكی تر بنێنەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، كە بەبڕیاری دادگای فیدراڵی دادوەرەكان لە بری بەرپرسانی كۆمسیۆن كارەكان رادەپەڕێنن، بۆیە ئەو جۆرە لە تۆمەتبەخشینەوە، "قسە لە گیرفان دەرهێنان"ە و بەتەنها تۆمەتبار كردنی یەكێتی نییە، ئەوەندەی تۆمەتباركردنی دادگایە و پێویستە دەسەڵاتی دادوەری عێراق لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو كەسانە بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group