خێزانێكی ئەمریكی دوای 51 ساڵ لە رفاندنی كچەكەیان دۆزیەوە

30/11/2022 هەمەڕەنگ

نەوا
دوای 51 ساڵ لە رفاندنی، خێزانێكی ئەمریكی توانییان كچەكەیان بدۆزنەوە، ئەوەش دوای پشكنینی DNA لە ماڵپەڕێكی تایبەتمەند.
میدیاكانی ئەمریكا بڵاویان كردووەتەوە، روداوەكە بۆ ساڵی 1971 دەگەڕێتەوە كاتێك "ئالتا ئابانتینكۆ" كە گارسۆن بووە لە یانەیەك و بەدوای كەسێكدا گەڕاوە كە ئاگاداری منداڵەكانی بێت كاتێك لەسەر كارە چونكە لە هاوسەرەكەی جیاببوەوە، بۆیە ریكلامێكی لە یەكێك لە رۆژنامە ناوخۆییەكانی ولایەتی تەكساس بڵاوكردەوە.
باس لەوەش كراوە، ژنێك پەیوەندی پێوە كردووە و ئامادەیی پیشانداوە ئاگاداری منداڵەكانی بێت، كاتێك بۆ یەكتر بینین دانراوە بەڵام ژنەكە نەهاتووە بە بیانووی ئەوەی سەرقاڵی بەخێوكردنی منداڵی كەسانی ترە، ئالتایش ژنەكەی ئاگادار كردووەتەوە كە دوای كارەكەی بچێتە ماڵەكەی و ئاگاداری منداڵەكانی بێت، بەڵام كاتێك لەكار گەڕاوەتەوە دەبینێت كچە دوو ساڵەكەی بەناوی "میلیسا" دیار نەماوە.
بەپێی زانیاریەكان، ئاڵتا پۆلیسی ئاگادار كردووەتەوە و گەڕان بەدوایدا دەستی پێكردووە بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە، بەبێ‌ ئەوەی ئاگاداری ئەوەبن كچەكەیان لە هەمان شاردا و لەژێر ناوی "میلانی" دەژی، بەڵام خێزانەكە هەر هیوایان ماوە و هەموو ساڵێك یادی لە دایكبوونیان بۆ كچە رفێنراوەكەیان كردووە.
زانیاریەكان باس لەوە دەكە، دۆزینەوەی كچەكەیان كە ئێستا تەمەنی 53 ساڵە، لە رێگەی ماڵپەڕێكەوە بووە كە تێیدا پشكنینی DNA ئەنجام دەدرێت و دەركەوتووە كە لێكچوون لەنێوان منداڵەكانی میلانی و خێزانێكدا هەیە، باوكی میلانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە نامەی بۆ ناردووە و نوسیویەتی، كە ماوەی 51 ساڵە بەدوایدا دەگەڕێن.
میدیاكان ئاشكرایان كردووە، هەروەها پێی وتووە كە منداڵ بووە نیشانەیەك لەسەر پشكی هەبووە و میلانی بە بیستی ئەوە دڵنیا بووەتەوە كە ئەوە خێزانەكەیەتی، دوای پشكنینی زیاتریش دڵنیاتر بوونەتەوە.
ئێستا میلانی بەخێزانەكەی شاد بووەتەوە و دایك و باوكی لە ژیاندا ماون، دەیەوێت دوبارە هاوسەرگیری لەگەڵ هاوسەرەكەیدا بكاتەوە بەناوە ئەسڵیەكەیەوە كە "میلیسا"یە و بەو ناوەوە بژی هەروەها  باوكی دەستی بگرێت و لە رێڕەوی كەنیسەدا لەگەڵیدا بڕوات، پۆلیسی تەكساسیش بڕیاریداوە كە لێكۆڵینەوە لەو ژنە بكات كە میلیسای بەخێو كردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group