سودانی شوێنی كۆمەڵكوژی سپایكەری بەسەركردەوە

03/12/2022 عێراق

نەوا-
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق سەردانی شوێنی كۆمەڵكوژی سپایكەری كردو رایگەیاند: تاوانباران لە هەركوێیەك بن سزای خۆیان وەردەگرن.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڵاویكردۆتەوە، محەمەد سودانی سەردانی شوێنی قوربانیانی تاوانی بنكەی ئاسمانی سپایكەری كردوە لەنزیك كۆشكەكانی سەدام حسێنی لە سێدارەدراو لە پارێزگای سەڵاحەدین.
ئاماژەشیكردوە، لە شوێنی روداوەكەدا پاش چەند ساتێك وەستان بەبێدەنگی بۆ قوربانیانی بێتاوانی دەستی تیرۆر، سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاندوە، تاوانی سپایكەر پەڵەیەكی رەشە بەنێوچەوانی ئەنجامدەرانیدا، هێزە ئەمنییەكان بەردەوامن لە دەستگیركردنی ئەوانەی دەستیان تیایدا هەبو، ئەو تاوانبارانە لە دەرەوەو ناوەوەی عیراقبن بە سزای خۆیان دەگەن.
ساڵی 2014 پاشئەوەی چەكدارانی داعش هێرشەكانیان فراوانكردو شاری موسڵیان كۆنترۆڵكرد، بەرەو بەغدا هێرشەكانیان چڕكردەوەو لە پارێزگای سەڵاحەدین هەڵیانكوتایە سەر بنكەی ئاسمانی سپایكەرو خوێندكارانی ئەو بنكەیە كە لە بەشەناوخۆییەكاندا مابونەوە دەستگیریانكردن و سەرجەمیانیان كۆمەڵكوژ كرد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group