پێشنیازە یاسایەك دژی هاوڕەگەزبازی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق كرا

04/12/2022 عێراق

نەوا
ژمارەیەك ئەندامی پەرلەمانی عیراق پێشنیازە یاسایەكیان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد، بۆ قەدەغەكردنی ریكلام و پڕوپاگەندە كردن بۆ هاوڕەگەزخوازی لە عیراق.
بەپێی زانیاریەكان، رۆژی شەممە 25 ئەندامی پەرلەمانی عیراق واژۆیان كۆكردووەتەوە و پێشنیازە یاسایەكیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق كردووە، پێشنیازە یاساكە بۆ قەدەغەكردنی هەر ریكلام و پڕوپاگەندەیەكە بۆ هاوڕەگەزخوازی.
لە پێشنیازە یاساكەدا هاتووە، هەر كەسێك پڕوپاگەندە بۆ هاوڕەگەزخوازی بكات لە دامەزراوە حكومیەكان و راگەیاندن و خوێندنگە و پەیمانگا و زانكۆ و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و كتێب و نوسراو و شانۆگەری و سینەما و شوێَنە گشتییەكان ئەوا بە تاوانبار لەقەڵەم دەرێت و پێویستە سزا دەدرێت.
سەبارەت بە جۆری سزاكە هاتووە، ئەگەر كەسەكە عیراقی بوو ئەوا لانیكەم یەك ملیۆن بۆ 8 ملیۆن دینار سزای دارایی دەدرێت، ئەگەر فەرمانبەر و بەرپرس بوو ئەوا لە 5 ملیۆن بۆ 15 ملیۆن دینار سزا دەدرێت، هەروەها ئەگەر دامەزراوەی حكومی و رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی بوو ئەوا 8 بۆ 24 ملیۆن دینار سزا دەدرێت.
جەخت لەوەش كراوەتەوە، ئەگەر دوبارەیان كردەوە سزاكە قورستر دەبێت و بۆ ماوەی 90 رۆژ مۆڵەتی شوێنەكەیان لێ دەسەندرێتەوە، ئەگەر دامەزراوەی نێودەوڵەتیش بوو ئەوا بە هەمیشەیی كارەكانیان لە عیراق رادەگیردرێت.
پێشتریش موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر داوای كرد، هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی یەك ملیۆن واژۆ دژی هاوڕەگەزخوازی ئەنجام بدرێت، داواشی كرد لە رێگەی رۆشنبیركردن و مەنتیق و رێگە ئەخلاقیەكانەوە روبەڕووی دیاردەكە ببنەوە، نەك توتوتیژی و كوشتن و هەڕەشە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group