ئەمساڵ ئێران زیاتر لە 500 سزادراوی لەسێدارە داوە

06/12/2022 جیهان

نەوا-
رێكخراوێكی مافی مرۆڤ ئاماری ئەمساڵی لەسێدارەدانی لە كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوكردەوەو باسی لەوەكردوە كە لانیكەم 500 كەس بەهۆكاری جیاواز لەسێدارە دراون، بەوەش بەرزترین رێژەی تۆماركردوە بەراورد بە چەند ساڵی رابردو.
رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاویكردۆتەوە، لەمساڵدا لانیكەم 504 كەس لەئێران لەسێدارەدراون و لەئێستادا كار لەسەر پشتراستكردنەوەی ئەو رێژەیە دەكرێت كە پێدەچێت زیاتر بێت، ئەوەش لەكاتێكدایە ناڕەزایەتییەكان لە مانگی ئەیلولەوە لەو وڵاتە سەریهەڵداوەو لە زیادبوندایە، دەسەڵاتدارانی ئێرانیش ژمارەیەك خۆپیشاندەری دەستگیركردوەو لەسێدارەی داون، هەروەها كەسانێكی دیكە بەتۆمەتی جیاواز لەسێدارەدراون.
مەحمود ئەمیری وتەبێژی رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران باسی لەوە كردوە، ئەو كەسانەی لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنرێت بەبێ بونی هۆكاری یاسایی و دادگاییكردنی دادپەروەرانە لە پشت دەرگا داخراوەكانی دادگای شۆڕش سزادەدرێن، ئەمەش بەمەبەستی بڵاوكردنەوەی ترس لەناو كۆمەڵگاو لابردنی سەرنجی خەڵك لە شكستەكانی ئیتلاعاتی ئێران.  
پەپێی ئەو داتایانەی بڵاوكراونەتەوە لەساڵی 2021 دا لەئێران لانیكەم 333 كەس لە سێدارەدراون، لەساڵی 2020یشدا 267 كەس سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێكراوەو ئەمساڵیش بەراورد بە 5 ساڵی رابردو بەرزترینە.
------------------------------------------------

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group