هەوڵێكی كودەتا لە ئەڵمانیا شكستی پێهێنرا

07/12/2022 جیهان
نەوا
پۆلیسی ئەڵمانی ئاشكرای كرد، بەتۆمەتی پلاندانان بۆ هێرش كردنە سەر پەرلەمانی ئەو وڵاتە گروپێكی تیرۆرستی دەستگیر كردووە كە لە 25 كەس پێكهاتوون و سەربە راستڕەوە توندڕەوەكانن و هەوڵی كودەتایان داوە بەسەر حكومەتدا.
پۆلیسی ئەڵمانی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، گروپێكی تیرۆرستی هەوڵی ئەوەیان داوە هێرشی چەكداری بكەنە سەر پەرلەمانی ئەڵمانیا.
ئەوەش هاتووە، گروپەكە سەربە راستڕەوە توندڕەوەكانن و 25 كەس دەستگیر كراون كە ژن و پیاون، سەربە بزوتنەوەی "هاوڵاتیانی رایخ"ن، ئامادەكارییان كردووە كە بە گروپێكی چەكداری بچوكەوە هەڵبكوتنە سەر پەرلەمان و دەست بەسەر بەڵگەی حاشاهەڵنەگردا گیراوە.
رۆژنامەی "شپێگڵ"ی ئەڵمانی بڵاویكردووەتەوە، پۆلیسی ئەو وڵاتە هەڵمەتێكی فراوانی دەست پێكردووە و پشكنین بۆ 130 تەلار و نوسینگە و خانوو دەكرێت، پلانگێڕان هەوڵی ئەوەیان داوە كە حكومەت بڕوخێنن و وەزیری تەندروستی بڕفێنن، گومانی ئەوەش هەیە هەندێك لە كەسایەتییە ئەمنییەكانیان لەگەڵدا بووبێت، هاوڵاتییەكی روسیش لەنێوان دەستگیر كراواندایە كە ژنە، بەڵام سەرەداوێك نییە بیسەلمێنێت كە روسیا پشتگیری كردوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group