بەردێكی تری مێژویی دۆزرایەوە

17/01/2023 هەمەڕەنگ

نەوا-
شوێنەوارناسانی نەرویج كۆنترین جۆری بەردیان دۆزییەوە كە پێی دەوترێت بەردی (رون)ی و تەمەنی نوسینی سەر بەردەكە 2 هەزار ساڵە.
بەڕێوەبەرانی مۆزەخانەی مێژویی كلتوری لە ئۆسلۆ رایانگەیاندوە، رەنگی بەردەكە قاوەییە بە چەقۆ روكەشەكەی هەڵكەنراوە رەنگە سەرەتاییترین نمونەی ئەو وشانە بێت كە لە وڵاتی ئەسكەندەنافیا بە نوسین تۆماركراون، تائێستاش بە كۆنترین نوسراوەكانی رونیك دادەنرێت كە لە مێژودا دۆزراوەتەوە.
كریستێل زیلمەر مامۆستای زانكۆی ئۆسلۆ باسیلەوەكردوە، ئەم دۆزینەوەیە زانیارییەكی زۆرمان پێدەبەخشێت سەبارەت بە بەكارهێنانی رون لە سەرەتای چاخی ئاسنیندا، پێشتر رون لەسەر شتومەكی تر دۆزراوەتەوە، بەڵام تائێستا لەسەر بەرد نەدۆزراوەتەوە  لە رابردوشدا سەرەتاییترین دۆزینەوەی شوێنەواری رونیك لەسەر شانەیەك كە لە ئێسك دروستكرابو لە دانیمارك دۆزرایەوە.
زیلمەر ئاماژەی بەوەشكردوە، پێویستمان بە كات بو بۆ شیكردنەوەو زانینی مێژوی بەردەكە، بێگومان زانیاری بەنرخ لەبارەی مێژوی سەرەتایی نوسینی رونیكەوە بەدەستدەهێنین.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاوكراونەتەوە، درێژی بەردەكە 31و پانیەكەشی 32 سانتیمەترەو چەندین نوسراوی لەسەرە كە هەموی مانای زمانەوانی نیە، بەردەكە بۆ ماوەی مانگێك لە مۆزەخانەی مێژویی كلتوریی نەرویج كە گەورەترین كۆمەڵەی شوێنەوارە مێژوییەكانی ئەو وڵاتەیە نماییش دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group