شەپۆلێكی رادیۆیی كە لە دوریی 9 ملیار ساڵی روناكییەوە هاتووە دەگاتە زەوی

23/01/2023 هەمەڕەنگ

نەوا -
تیمێكی زانایانی گەردونناسی ئاشكرایان كرد، شەپۆلێكی رادیۆیی دەگاتە زەوی كە لە كاكێشانێكەوە هاتووە 9 ملیار ساڵی روناكی لە زەوییەوە دورە.
بەپێی توێژینەوەی زانایانی گەردونناسی لە كەنەدا و هیندستان، شەپۆلەكە لە رێگەی تەلسكۆبێكی زەبەلاحەوە لە هیندستان هەستی پێكراوە و لە كاكێشانێكەوە هاتووە كە 9 ملیار ساڵی روناكی لە زەوییەوە دوورە.
بەپێی هەمان توێژینەوە، ئەوەش هاوكاری زانایان دەكات لێكۆڵینەوەی زیاتر لەسەرەتای دروستبوونی گەردون بكەن، كە پێیان وایە تەمەنی 13 ملیار و 700 ملیۆن ساڵە.
لای خۆیەوە "ئارناب شاكورابورتی" زانای گەردونناس و نوسەری توێژینەوەكە بە رۆژنامەی "میترۆ"ی بەریتانی وتووە، بەهۆی ئەو شەپۆلەوە دەتوانن ئاوێڕ لە رابردوو بدەنەوە، لانیكەم بۆ 8 ملیار و 800 ملیۆن ساڵ پێشتر، شەپۆلەكە لەلایەن بونەوەری ئاسمانییەوە نەنێردراوە بەڵكو لە كاكێشانێكەوە هاتووە ئەویش ئەو كاتەی تەمەنی گەردوون 4 ملیار و 900 ملیۆن ساڵ بووە، ئەوەش یەكەم ئاماژەی لەو جۆرە لەو مەودا دورەوە بگاتە زەوی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group