روسیا: كلیلی كۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆكرانیا لە گیرفانی بایدندایە

28/01/2023 جیهان

نەوا -
دیمتری بیسكۆڤ وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا "كرملین" پێی وایە، كلیلی كۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆكرانیا لەدەست سەرۆكی ئەمریكایە ئەویش بە رێنمایی كردنی ئۆكرانیا، بەڵام واشنتن تاوەكو ئێستا نایەوێت ئەو كلیلە بەكاربهێنێت.
دیمتری بیسكۆڤ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، كلیلی رژێمی ئۆكرانیا بەدەست واشنتنە، بەڵام سەرۆكی ئێستای ئەمریكا نایەوێت ئەو كلیلە بەكاربهێنێت، بە پێچەوانەوە رێكچكەیەكی تری گرتووەتە بەر و چەكی زیاتر دەنێرێت بۆ ئۆكرانیا.
كۆسكۆ بەردەوام واشنتن بەوە تۆمەتبار دەكات كە فەرمان بە ئۆكرانیا دەكات و جەنگ درێژ دەكاتەوە و چەكی پێدەدات، ئەمریكا بەرپرسانی روسیا بە دەستپێكردنی جەنگێكی دڕندانە تۆمەتبار دەكات و پێی وایە، ئەو وڵاتە بە كشانەوەی هێزەكانی لە ئۆكرانیا دەتوانێت كۆتایی بە جەنگ بهێنێت.
نزیكەی ساڵێكە هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا دەستی پێكردووە و بەهۆیەوە هەزاران سەرباز و هاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی، هەروەها زیانی چەندین ترلیۆن دۆلار بەو وڵاتە گەیشتووەتە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group