پەرلەمانتارێك: بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەستورییە

29/01/2023
نەوا - 
محەمەد بەلداوی ئەندامی پەرلەمانی عیراق دەڵێت، بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ وەستاندنی ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان دەستورییە، بە پێویستیشی دەزانێت حكومەتی عیراق و هەرێم بگەنە رێكەوتنێكی دەستوریی.
محەمەد بەلداوی لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا وتویەتی، پێویستە رێز لە بڕیاری دادگای فیدراڵی بگیردرێت سەبارەت بە ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان سودی هەبێت یاخود زیان، دادگا بەربەستێكی بەهێزە كە سەروەری عیراقی پاراستووە، تانەدان لە شەرعیەتی مەرجەعە دادوەرییەكان واتای روخاندنی حكومەتی عیراقییە، پێویستە حكومەتی ناوەندی و هەرێمی كوردستان بگەنە رێكەوتنێكی دەستوریی.
ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی سادقون جەختی لەوەش كردووەتەوە، كوتلە سیاسیەكانی ناو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت گەیشتوون بە چارەسەرێكی نمونەیی، ئەویش ئەوەیە كە پارەی 460 هەزار بەرمیل نەوت بدرێتە هەرێم و ئەوەی هەیەتی لێی وەربگیردرێت، لەسەر حكومەتی هەرێم پێویستە پابەند بێت بەوەی ئەو پارەیە بداتە فەرمانبەرانی.
هێمای بۆ ئەوەش كردووە، ئەوان لەگەڵ ئەوە نین پارە نەدرێت بە هەرێمی كوردستان بەڵام حكومەتی فیدراڵی پێی وایە ئەو ناردنە نادەستوری و ناشەرعییە و پێویستە هەرێم ئەوەی لەسەریەتی رادەستی بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group