شەپۆلی بەفر و باران تاوەكو رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت

29/01/2023

نەوا - 
بەڕێوەبەرایەتی بومەلەرزەزانی و كەشناسی سلێمانی ئاشكرای كرد، ئەو شەپۆلە بەفر و بارینەی رووی لە ناوچەكە كردووە، تاوەكو رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتییەكە بڵاویكردووەتەوە، كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست لە ئێستادا رووی لە  ناوچەكەمان كردووە، دەبێتە هۆی شەپۆلێكی باران بارین و بەفر بارین، ئەم شەپۆڵە تاوەكو رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
ئەوەش هاتووە، نزمە پاڵەپەستۆكە بارستە هەوایەكی سارد یاوەری دەكات، لە ماوەی رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە كاریگەریەكەی زیاتر دەبێت و پلەكانی گەرما زیاتر روو لەنزمبوونەوە دەكات، هەروەها باران بارین لە كاتی جیا جیا دەبارێت، چڕترین ماوەی دابارین لە رۆژی سێشەممە و چوارشەممە دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە ئاسمان بە گشتی نیمچە هەور و  هەندێ كات هەوری تەواو دەبێت و ئەگەری هەندێ نمە باران لە هەندێ ناوچە هەیە لەگەڵ كەمێك بەفر بارین لە سەر لوتكەی شاخە بەرزەكان و ناوچە سنووریەكان، سبەینێ دووشەممەش ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ باران بارین لە تەواوی ناوچەكەمان، بەفر بارین لە سەر ناوچە شاخاوییەكان دەبێت و ئاستی دابارین لە دوای نیوەڕۆ و ئێوارەدا زیاتر دەبێت و لە شەودا هەندێك جار لێزمە باران دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group