حكومەتی ئێران بەنیازە موڵكەكانی بۆ دابینكردنی موچە بفرۆشێت

29/01/2023 جیهان

نەوا-
حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران بەنیازی پەسەندكردنی پرۆژە یاسایەكە تا لەرێگەیەوە موڵكەكانی میریی بفرۆشێت و موچەی فەرمانبەرانی پێ دابین بكات.
لەوبارەیەوە مەهدی بازوكی پسپۆڕی ئابوری رایگەیاندوە، حكومەتی ئێران دەیەوێت لەو رێگەیەوە سەرچاوەیەكی داهات بدۆزێتەوە تاكو موچەی فەرمانبەرانی پێ دابین بكات.
راشیگەیاندوە: فرۆشتنی موڵكەكانی حكومەت هاوكار دەبێت بۆ بەدەستهێنانی دارایی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو كورتهێنانەی چاوەڕوان دەكرێت لە بودجەی ساڵی داهاتوی حكومەتدا دروست ببێت، رەنگە گەلیش لەم هەنگاوەی حكومەت سودمەند نەبێت.
بازوكی رەخنەشی لە زیادبونی پشكی هەندێك لە سێكتەرەكان گرتوە كە زیاترە لە 40%ی بودجەی ساڵی داهاتو لەكاتێكدا موچەی فەرمانبەران زیاتر نیە 20%، رونیشیكردۆتەوە، ئەم هەنگاوە فشارە ئابورییەكان دوو هێندە زیاد دەكات لەسەر فەرمانبەران و كرێكارەكان لەو وڵاتەدا.
ئامادەكردنی پرۆژە یاسای فرۆشتنی موڵەكەكانی حكومەتی ئێران بۆتە مانشێتی رۆژنامەكانی ئەو وڵاتە كە پرۆژەیەكی نهێنیەو تائێستا هیچ لایەنێك وردەكارییەكەیان بۆ ئاشكرا نەكراوە، پسپۆڕانی ئابوری پێیانوایە كە ئامادەكردنی پرۆژەیەكی لەوشێوەیە لەسەر ئاستی ئابوریی بە تاڵانبردنی موڵك و ماڵی گشتی و جیاكاری رەگەزییە. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group