ترامپ: دیدارەكانی جۆن كێری و بەرپرسانی ئێرانی نایاسایین

14/09/2018 جیهان
سەرۆكی ئەمریكا دیدارەكانی ماوەی رابردووی نێوان جۆن كێری وەزیری پێشووی وڵاتەكەی و بەرپرسانی ئێران بە نایاسایی و لە دژی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا ناودەبات.
لە ماوەی رابردوودا جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە سەردەم سەرۆكایەتی باڕاك ئۆباما رایگەیاند، كە لە چەند مانگی دواییدا سێ بۆ چوار جار لە گەڵ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران كۆبوەتەوە.
لەو بارەوە دۆناڵ ترامپ سەرۆكی ئەمریكا لە رێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رەخنەی توندی لە وەزیری پێشووی وڵاتەكەی گرتووە و باسی لەوەكردووە ئەو دیدارانە نایاسایین و دورنییە ببنە هۆی شكستپێهێنانی هەوڵەگەورەكانمان لە دژی تاران و بە زیانی بەرژەوەندیەكانی گەلی ئەمریكا بشكێنەوە.
ترامپ راشیگەیاندووە، ئایا جۆن كێری وردەكاری ئەو دیدارانەی لە لای وەزارەتی داد تۆمار كردووە، ئەمەش وەك ئاماژەدان بە یاسایەك كە لە ساڵی 1938 پەسەند كراوە و بەرپرسانی ئەمریكی پابەند دەكات كە ناوەرۆك و وردەكاری هەر دیدارێك لە گەڵ بەرپرسانی بیانی لە لی وەزارەتی داد تۆمار بكەن.
جۆن كێری كە تا ئێستا وەڵامی ئەو پرسیارەی ترامپی نەداوەتەوە، لەگەڵ ئاشكراكردنی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی تاران، هێمای بۆ ئەوەكردبوو، كە بە لایەنی ئێرانی وتووە، كە نیگەرانیەكانی كۆمەڵگای جیهانی لە بارەی بەرنامە موشەكیەكەیان و پاڵپشتیەكانیان لە حزبوڵای لوبنان بە هەند وەربگرن.
ناوبراو ئەوەشی خستبووەڕوو، كە بەرپرسانی ئێرانی ئامادەن بۆ دانوستان، بەڵام ترامپ نیازێكی تری هەیە، ئەوەش رووخاندنی حكومەتی ئێران لە رێگەی چڕكردنەوەی سزا و گەمارۆكانی سەر ئەو وڵاتە.
لەسەردەمی دەسەڵاتی باراك ئۆباما، رێككەوتنی ئەتۆمی لە نێوان تاران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك واژۆكرا، كە بە هۆیەوە بەرنامەی ئەتۆمی حكومەتی ئێران سنوردار كرا و لەبەرامبەریشدا بەشێك لەسزاكانی سەر ئەو وڵاتە هەڵگیران، بەڵام دۆناڵد ترامپ، كە هەر لە پێش هاتنە سەركاری دژی رێككەوتنەكە بوو، دواجار لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لە رێككەوتنەكە كشایەوە و بەشێك لە سزاكانی بۆ سەر ئێران گەڕاندەوە و بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمیشدا بەروڕووی سزای توندتری بكاتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group