"عیراق ده‌بێته‌ كۆمارێكى ئیسلامى شیعى"

18/09/2018 عێراق

نه‌وا – سالم سه‌لیم 

پسپۆڕێكى زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌وبڕوایه‌دایه‌، پرۆسه‌ى سیاسى عیراق به‌راورد به‌ساڵانى پێشوو گۆڕانكارى به‌سه‌رداهاتووه‌و پێكهاته‌ى شیعه‌ هه‌ژمونیان له‌سه‌ر بڕیارى سیاسى زیاتره‌ له‌ پێكهاته‌كانى دیكه‌ى عیراق، دوپاتیشیكرده‌وه‌ "پێویسته‌ كورد له‌م دۆخه‌دا یه‌كگرتووبێت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خه‌ڵكى هه‌رێم به‌هه‌ند وه‌ربگرێت".
د. بوخارى عه‌بدوڵڵا مامۆستاى زانكۆى سەڵاحەدین و پسپۆڕى زانسته‌ سیاسییه‌كان به‌رادیۆى نه‌واى راگه‌یاند، روداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر ئه‌و راستیه‌ ده‌سه‌لمێنن، كه‌ پرۆسه‌ى سیاسى عیراق گۆڕانكارى به‌سه‌ردا هاتوه‌و پێكهاته‌ى شیعه‌ هه‌ژمونى له‌سه‌ر بڕیارى سیاسى وڵات زیاتر له‌ پێكهاته‌كانى دیكه‌ى عیراق و ئه‌گه‌ر كاریگه‌رى فشارى ده‌ره‌كى نه‌بوایه‌، ئێستا عیراق ده‌بووه‌ كۆمارێكى ئیسلامى شیعى له‌ناوچه‌كه‌دا، وتیشى "هه‌ژموونى شیعه‌كان له‌زیادبوندایه‌و شیعه‌كان رۆژ به‌رۆژ كار بۆ به‌هێزكردنى پێگه‌ى خۆیان ده‌كه‌ن له‌وڵاتدا و له‌هه‌وڵى به‌رده‌میشدان بۆ رێگرتن له‌ جێبه‌جێكردنى ماده‌ى 140 ى ده‌ستور".
د. بوخارى عه‌بدوڵڵا بۆ رادیۆى نه‌وا جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌، پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان یه‌كگرتووبن و به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى خه‌ڵكى هه‌رێم به‌هه‌ند وه‌ربگرن و بیخه‌ پێش هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كى دیكه‌.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group