وه‌زاره‌تی دارایی عیراق، نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی بودجه‌وه‌

19/09/2018 عێراق

نه‌وا
وه‌زاره‌تى دارایى عیراق ئاشكرایكرد، له‌ پرۆژه‌ی بودجه‌ى 2019دا، نرخى نه‌وتى خاو به‌ 55 تا 60 دۆلار دیاریكراوه‌، هه‌نارده‌ی رۆژانه‌ی نه‌وتیش به‌رێژه‌ى 4 ملیۆن به‌رمیل ده‌ستنیشانكراوه‌.
ماهر حه‌ماد جوحان بریكاری وه‌زاره‌تى دارایى عیراق له‌لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، پرۆژه‌ی بودجه‌ى ساڵى 2019 دیاریكراوه‌ و وه‌ك ساڵانى پێشوو نییه‌، چونكه‌ بارودۆخى وڵات گۆڕدراوه‌، گۆڕانكارى و پێویستى گه‌وره‌ هاتونه‌ته‌ئاراوه‌.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌، به‌پێى ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ى ته‌واوكراوه‌ و به‌رزده‌كرێته‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، نرخى نه‌وت له‌نێوان 55 بۆ 60 دۆلار دیاریكراوه‌، ئه‌وه‌ش ده‌ستكراوه‌ییه‌كى زیاتر ده‌دات به‌ حكومه‌ت بۆ پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارى و خه‌رجى زیاتر.
بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی عیراق باسى له‌وه‌كردوه‌، كه‌ بڕى نه‌وتى هه‌نارده‌كراوی رۆژانه‌ له‌ بودجه‌دا به‌ 3.8 بۆ 4 ملیۆن به‌رمیل دیاریكراوه‌ و به‌شێكى نه‌وتی هه‌رێمى كوردستانیش له‌و بڕه‌دا دانراوه‌ كه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرێت. ده‌شڵێت "هیواخوازین عیراق بتوانێت 4 ملیۆن به‌رمیل هه‌نارده‌ بكات، چونكه‌ له‌ئێستادا رۆژانه‌ 3.8 ملیۆنه‌ و هه‌ندێكجار كه‌متریشه‌".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group