هاوپه‌یمانی بنیاتنان هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی د.به‌رهه‌م ساڵح راده‌گه‌یه‌نێت

20/09/2018 عێراق

نه‌وا
فازڵ جابر په‌رله‌مانتارى هاوپه‌یمانی بنیاتنان ده‌ڵێت "د.به‌رهه‌م ساڵح له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م كوتله‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عیراق قبوڵ كراوه‌و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانیش چاوه‌ڕێى بڕیارى كۆتایى كوردن".
فازڵ جابر له‌لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، به‌پێى ئه‌وه‌ى راهاتون له‌سه‌رى، پۆستى سه‌رۆك كۆمار بۆ كورده‌، د.به‌رهه‌م ساڵح كه‌سایه‌تى سیاسى كوردیش له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م كوتله‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ به‌ كه‌سێكی گونجاو داده‌نرێت بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌، هاوپه‌یمانى بنیاتنان كه‌ له‌ ئیئتیلافی فه‌تح و ده‌وڵه‌تی یاسا و چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ پێكدێت، له‌گه‌ڵ كورد رێكه‌وتوه‌ كه‌سایه‌تییه‌كى گونجاو بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیارى بكه‌ن، له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه‌ رۆژى سێشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌رگاى خۆپاڵاوتن كرایه‌وه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ و كورده‌كانیش داواى درێژكردنه‌وه‌ی واده‌كه‌یان كرد بۆ دیاریكردنى كاندیده‌كه‌یان.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ پێیوایه‌، د.به‌رهه‌م ساڵح تایبه‌تمه‌ندى باشى هه‌یه‌، دواى ئه‌وه‌ى كورده‌كان رێككه‌وتن له‌نێوان خۆیاندا، ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ش یه‌كلایى ده‌كرێته‌وه‌و پێشكه‌ش ده‌كرێت بۆ ده‌نگدان له‌سه‌رى له‌ناو په‌رله‌ماندا.
دوێنێ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان به‌فه‌رمى گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح-ی بۆ ریزه‌كانی راگه‌یاند و وه‌ك كاندیدیش بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عیراق دیاریكرد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group