مەسرور بارزانی: تێگەیشتنی ئێمە بۆ رادەستكردنی داهاتی ناوخۆ بەپێی دەستورە

4 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، هیوادارن كێشەی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بچێتە مێژوەوە و چیتر نەمێنێت.
 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی وتارێكدا لە ڕێورەسمی كردنەوەی قۆناخی یەكەمی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، ڕایگەیاند، زۆرجار قسەی وا دەكرێت و پرسیار دەكەن كە حكومەتی هەرێم داهاتی ناوخۆی چی لێكردوە؟ ئێمە ناكەوینە ناو وەڵام و وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە نابەرپرسانەی كە بە ئەنقەست دەیانەوێت خەڵك چەواشە بكەن.
مەسرور بارزانی وتیشی، دەزانم خەڵكی كوردستان چاوەڕێی ئەوە دەكەن موچەكەیان كەی بۆیان دەنێردرێت لە عێراق؟ بە راشكاوی لەگەڵ خەڵكی كوردستان قسە دەكەم، ئێمە كیانێكی فیدڕاڵین و هەرێمی كوردستان وەكو كیانێكی فیدڕاڵی مافی خۆیەتی كە بودجەی تایبەت بە خۆی هەبێت، كەواتە لە بودجەی گشتیی عێراق، دەبوایە بەشی بودجەی هەرێمی كوردستان تەرخان بكرێت و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی هەرێم و چاودێریی دارایی هەرێم و خەڵكی هەرێم ئەو وەختە بڕیار لەسەر چۆنیەتیی بەكارهێنانی بودجەی هەرێمی كوردستان بدەن.
پەیوەست بە داهاتی ناوخۆ، سەرۆكی حكومەت رایگەیاند، تێگەیشتنی ئێمە بۆ رادەستكردنی داهاتی ناوخۆ بەپێی دەستورە، دەستور دەڵێ 50%ی داهاتی فیدڕالِی رادەستی حكومەتی فیدرالی بكرێتەوە، هەمیشە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بوە و ئەم ئەركەشی جێبەجێ كردوە، جگە لەو كاتانەی كە حكوومەتی فیدڕاڵ موچەی نەناردوە، یان بە كەمی ناردویەتی كە ئێمە ئەو وەختە ناچار بوین داهاتە ناوخۆییەكان بۆ تەكمیلەی موچە بەكار بهێنین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group