نەوا-
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، لە فەرمانێكی وەزاریدا ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 756 ملیۆن و 88 هەزار دینار بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی كاری كۆنكرێتكردنی تۆڕی شەقامەكانی كەرتی یەكەكانی بەكرەجۆ.
ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەو گوژمەیە لەسەر ڕێژەی 100%ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانییە و لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە فەرمانی خەرجكردنی بەمەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە بەپێی یاسا و ڕێنماییە داراییەكان تایبەت بە داهات دراوە.
هەروەها وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت، لە فەرمانێكی دیكەی وەزاریدا ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 800 ملیۆن و 740 هەزار دینار بۆ نۆژەنكردنەوە و قیركردنی ژمارەیەك شەقام لە سنوری شارەوانیی ئاكرێ.
ئەو گوژمەیە بە ڕێژەی 100%ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی ئاكرێیە و بەمەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوە و قیركردنی ژمارەیەك شەقام لە گەڕەكی 11ی ئازار لە سنوری سەرۆكایەتیی شارەوانیی ئاكرێ.