نەوا-
فێستیڤاڵی هەنارو پایزی هەڵەبجە لە بۆنەیەكی وەرزییەوە بو بە بزوێنەرێكی ئابوری و سەركەوتنی بەدەستهێنا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە رایگەیاند، پاش سێ مانگ لە ئامادەكارییەكان، یازدەهەمین خولی فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە بە سەركەوتویی كۆتاییهات و چەندین ژمارەی پێوانەیی گرنگی تۆمار كرد، لەم خولەیدا سەركەوتنی لە راكێشانی گەشتیارو سەردانیكەران بەدەستهێنا كە بەپێی ئامارە فەرمییەكان نزیكەی 419 هەزارو 700 گەشتیار لە ماوەی سێ رۆژی بەڕێوەچونیدا رویان لە شاری هەڵەبجە كردوە.
ئەوەش خراوەتەڕو، لە روی ئابورییەوە فێستیڤاڵەكە داهاتێكی بەرچاوی تۆماركردوەو كۆی گشتی فرۆشی هەنارو بەرهەمە خۆماڵییەكان گەیشتوەتە زیاتر لە 1.7 ملیار دینار، ئەم قەبارە بازرگانییە بوژانەوەیەكی ئابوریی گەورەی بۆ جوتیاران، خاوەنكارە بچوكەكان و سەرجەم ئەو كەسانەی لەم كایەیەدا كاریان دەكرد فەراهەم كردوە.
باس لەوەشكراوە، یەكێك لە گرنگترین دەستكەوتەكانی فێستیڤاڵەكە رەخساندنی هەلی كار بوە بۆ زیاتر لە 700 جوتیار، پیشەوەرو دەستڕەنگین كە لەڕێگەی 700 ستاندو كەپرەوە بەشدارییان كردوە، هەروەها سەرنجی ژمارەیەكی زۆر لە كەناڵەكانی راگەیاندن و میدیاكارانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی راكێشا ئەمەش ناوبانگی هەناری هەڵەبجەو كلتوری ناوچەكەی بە جیهاندا بڵاوكردەوە.