رەوتی هەڵوێست: چۆڵكردنی گوندی لاجان هەنگاوێكی ترسناكە

14 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
بەشێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن بڵاویانكردەوە كە گوندی لاجان لەسنوری پارێزگای هەولێر كە لەچەند رۆژی رابردودا ئاڵۆزی تیایدا رویدا لەلایەن دانیشتوانەكەیەوە چۆڵكراوە، لەوبارەیەوە رەوتی هەڵوێستیش راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە.
لە راگەیەنراوەكەدا رەوتی هەڵوێست ئاماژەی بەوەكردوە، ئەو دیمەنەی لە گوندی لاجان رودەدات ئازاربەخشە، ناچاركردنی دانیشتوانی گوندێكی كوردنشین بەچۆڵكردنی گوندەكەیان لەبەرئەوەی داوای دەرفەتی كاریان لە پاڵاوگەیەك كردوە هەنگاوێكی ترسناكە. 
ئاماژەشیكردوە، بەكارهێنانی هێزی ئەمنی و سەربازی لە بەرژەوەندی كۆمپانیایەك و چۆڵكردنی دانیشتوانی رەسەنی گوندێك پێشهاتێكی مەترسیداری بێ پێشینەیە، وەك رەوتەكەیان داوای لابردنی فشار لەسەر دانیشتوانی گوندی لاجان دەكەن و نوێنەرایەتی وڵاتان لەم پێشهاتە ئاگادار دەكەنەوە.
هەر بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەستكەوتون دانیشتوانی گوندی لاجان گوندەكەیان چۆڵكردوە دژی ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر گوندەكەیان و تۆمەتباركردنیان بە تێكدەرو دەڵێن، ئەوان هیچ دەستێكی دەرەكیان لەپشت نیە تەنها داوای مافی خۆیان دەكەن و پێویستە حكومەت بەدەنگ داواكارییەكانیانەوە بچێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group