نەوا-
كەشاسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەگەری بارانبارین و هەورەبرووسكە لە ناوچە شاخاوییەكان هەیە و بارستە هەوایەكی فێنكیش ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەممە، ئاسمان لە زۆربەی كاتەكاندا نیمچە هەور دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بارانبارین و هەورەبرووسكەی كەم لە بەشێك لە ناوچە جیاجیاكانی سنووری پارێزگای دهۆك، ئیدارەكانی زاخۆ، سۆران و ڕاپەڕین.
باسی لەوەشكرد، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ خێرایی با زیاد دەكات و دەگاتە سەرووی 25 بۆ 35 كم لە كاتژمێرێكدا، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ لە بەشێك لە ناوچە دەشتاییەكانی باشووری پارێزگای هەولێر، بەشێك لە ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای كەركووك، هاوكات مەودای بینین لە نێوان 7 بۆ 9 كیلۆمەتردا دەبێت.
كەشناسی سەبارەت بە كەشوهەوای سبەینێ دووشەممەش ڕایگەیاند، ئاسمان بە گشتی ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەكانیش نیمچە هەور دەبێت.
كەشناسی ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی كاریگەری بارستە هەوایەكی فێنك كە ڕوودەكاتە ناوچەكە، پلەكانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ بە (2 بۆ 4) پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.