موچەی خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ هەمواردەكرێتەوە

1 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
ئەحمەد دەلفی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا ئاشكرایكرد، لیژنەكەیان میوانداری بەڕێوەبەری گشتیی سامانە مرۆییەكان لە وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەری بەشی یاسایی و بەڕێوەبەری بەشی خانەنشینی لە وەزارەتی ناوخۆی كرد بۆ تاوتوێكردنی دیارترین بڕگەكانی هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینی بۆ فەرمانبەرانی وەزارەت.
باسی لەوەشكرد، دیارترین هەمواركردنەوەی پێشنیازكراو بریتین لە ڕەوانەكردنی فەرمانبەر بۆ خانەنشینی لەگەڵ تەواوكردنی 15 ساڵ خزمەت بەبێ گوێدانە تەمەن، وتیشی، ئەمە جگە لە هەژماركردنی دەرماڵەی خۆراك و مەترسی لە چوارچێوەی موچەی بنەڕەتیدا.
ڕونیشیكردەوە، موچەی ژمارەیەك خانەنشینی لە ئێستادا لە 500 هەزار دینار تێپەڕناكات، بۆیە لیژنەكەیان كار بۆ بەرزكردنەوەی موچەی خانەنشینی دەكات بۆ نزیكەی یەك ملیۆن دینار.
ئەحمەد دەلفی ئەوەشیخستەڕو، هەمواركردنەكانی دیكە بریتین لە پێدانی موچەی مەترسی بۆ گرێبەستە نوێیەكان لە وەزارەتی ناوخۆ بە بڕی 250 هەزار دینار، هاوكات بەردەوامیش بدرێت بە خەرجكردنی دەرماڵەی مەترسی بۆ سەرجەم كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ بە بڕی 485 هەزار دینار.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group