كوردستان لەسایەی حوكمی بنەماڵەكاندا

عەلی عەبدولسەمەد

20/12/2019

لەسایەی حوكمی چەند ساڵێكی بنەماڵەكانەوە، لەم هەرێمەدا، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵك لەخراپبوندایە، دەیان گرفت و قەیرانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و تەنانەت ئەخلاقییش دروستبوون و دووچاری خەڵك و كۆمەڵگا بووەتەوە.
لەسایەی حوكمی بنەماڵەكاندا، ئەوەی بەهایەك بێت بۆ ئازادی و دیموكراسی لەم هەرێمەدا نەماوەتەوە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش ئەم بەهایانە لە پاشەكشەكردنی بەردەوامدان. ئەوەی كارەساتە لەم هەرێمەدا زیادبوونی بنەماڵەی سیاسییە و هەر حزبێكی سیاسی بەشێوەیەك لە شێوەكان وەك بنەماڵەیەكی سیاسی، چەند كەسێكی دیاریكراو دەردەكەوێت و كاردەكات.
ئەوەی جێگەی مەترسیە و لە هەرێمی كوردستاندا دەگوزەرێت، كۆپیكردنی ئەو مۆدێلە ناشرینەیە لە مۆدێلی حوكمڕانی سعودیە، كە كۆی پێگە و جومگە هەستیارەكانی ئابووری و سیاسی و هەواڵگری و سەربازی، بنەماڵە قۆرغی كردووە و چەند پۆستێكی دیكە كە كاریگەری ئەوتۆیان نییە، بۆ دەوروبەرەكەیان لە دەرەوەی بنەماڵەدا داناوە، ئەمەش لەمڕۆی هەرێمی كوردستاندا بەڕوونی دەبیندرێت و مەنەفێست بووە.
لە سایەی حوكمی بنەماڵەكاندا لەم هەرێمەدا، بڕیاربوو هەر هاووڵاتیەك ڕاستەوخۆ بەشداربێت لە پشك و داهاتی نەوت، بەڵام ئەوەی لە زەمینەی واقعدا دەبینین تەواو پێچەوانە و خراپتریش لە پێچەوانەكەیەتی، بەوەی كە تا ئێستا و دوو ساڵە نەتواندراوە تەنانەت بەرمیلێك نەوت بۆ خەڵك دابین بكرێت، چ جای بەشداربون لە داهات و پشكی نەوت.
لە سایەی حوكمی بنەماڵەكاندا بڕیاربوو، ژیان و گوزەرانی خەڵك بكرێتە ئاستێك كە هاوشانی دوبەی بێت، بەڵام ئەوەی بینیمان لە واقیعدا، دروستكردنی ژیانێكی دوبەییانە بوو بۆ چەند بنەماڵە و  سیاسی و سەرمایەدارێك و بە سۆماڵی-كردنی ژیانی خەڵكیش بوو لەم هەرێمەدا.
لە سایەی حوكمی ئەم بنەماڵانەدا، سەدان هەزار دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان لە چاوەڕوانی دامەزراندندان و هەموو خەونێكیان دەستكەوتنی كارێكە بۆ بژێوی ژیانیان.
پەرلەمان و دامەزراوەكانی دیكە لە سایەی حوكمی بنەماڵەكاندا، تەنها میكانیزمێكی گرنگن بۆ مانەوەی هێز و دەسەڵاتیان و دیكۆرێك بۆ پشاندانی ڕووی نادیموكراسییان، ئەگەرنا لەڕاستیدا ئەمان لە ژێر ناوی خەباتی شاخیاندا، خۆیان بە گەورەتر لە دامەزراوەكان دەبینن و وەك دیوەخان و بارەگایەكی حزبی لێی دەڕوانن و مامەڵەیان لەگەڵ كردوە.
لە سایەی حوكمی بنەماڵەكانەوە لەم هەرێمەدا، دڵی هەزاران دایك و گەنجی ئەم نیشتیمانە شكێندراوە و لەسایەی قۆرغكردنی خێر و بێر و داهاتی ئەم نیشتمانەوە، بۆ خۆیان و نەوە و دارو دەستەیان، ئەندازەیەك خۆشەویستی و هەستی نەتەوایەتیان لەسینەی تاكی خێر لە خۆنەدیوی ئەم نیشتمانەدا نەهێشتووە.
لەگەڵ ئەوەی مۆدیلی حوكمی بنەماڵە مۆدێلێكی ناشرین و بەسەرچووە و تەنها لە چەند ناوچەیەكی دواكەوتوودا ماوە، دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین كە هیچ كات حوكمی بنەماڵە بەردەوام نابێت و لەچركەساتێكدا ئەم بنەماڵانە كۆتاییان پێدێت و دەبنە نامۆیەكی ئەبەدی لەو نیشتمانەی كە ساڵانێك فەرمانڕەواییان تێدا كردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group