پێشنیازە یاسای ڕێكخستنی میدیای ئەلكترۆنی و سۆشیالمیدیا ،كە لە پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و ئێستا لە قۆناغی نوسینی ڕاپۆرتی لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمانە بۆ ئامادەكاری بۆ خوێندنەوەی دووەمی یاساكە ، یەكێكە لە یاسا پەیوەندیدارەكان بە بەشێكە زۆری ڕۆژنامەنوسان و هاووڵاتیانەوە بە گشتی، لەم ڕوانگەیەوە ئەم خوێندنەوەیە ئەخەمە بەرچاو. یەكەم : ئەم یاسایە كێ ئەگرێتەوە ؟ بەگوێرەی ماددەی (٤) ی پێشنیازی یاساكە ، هەموو ئەوانەی لە ڕۆژنامە و پێگەی ئەلكترۆنی فەرمی بابەت بڵاودەكەنەوە یان ئەوانەی لەو پێگە فەرمیانە سەرنوسەر یان خاوەن ئیمتیازن ، یان هەركەسێك كە وەك تاك لاپەرە یان ئەكاونتی هەیە لە یەكێ لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا ، ئەم یاسایە ئەیانگرێتەوە . كەواتە ئەم یاسایە تایبەت نیە بە پێگە و ڕۆژنامە ئەلكترۆنیەكان ،بەڵكو كۆی ئەو نوسین و بابەتانە ئەگرێتەوە كە لەلایەن كەسی سروشتی یان دامەزراوەی مەعنەوی بڵاو و پەخش ئەكرێنەوە ، لە پێگەیەكی فەرمی بێ یا لاپەڕەو ئەكاونتی كەسیی . دووەم : ئەم یاسایە سزای كێ ئەدا و چی بە تاوان داناوە ؟ لە ماددەكانی ١٢ ، ١٣، ١٦ تاوان و سەرپێچی و سزاكانیش دەستنیشانكراون . - ماددەی ١٢: لەم ماددەیەدا بێ دوبارەكردنەوەی جۆری تاوانەكان ، ڕاستەوخۆ بڕگەكانی (٢ و ٤ ) لەماددەی چوارەمی یاسای بەڕەنگاربونەوەی تۆقاندن (تیرۆر ) ی كردووە بە بەشێك لەم یاسایە و هەموو ئەوانەی ئەم یاسایە ئەیانگرێتەوە نابێ ئەو بابەتانە بڵاوبكەنەوە كە یاسای بەڕەنگاربونەوەی تۆقاندندا هاتووە. كەواتە ئەو بابەتانە كامانەن كە بە پێی بڕگەكانی (٢ ، ٤) نابێ بڵاو ببنەوە ؟ ماددەی چوارەمی یاسای ژمارە (٣) ی ساڵی ٢٠٠٦ ئەڵێ : ئەم كارانەی خوارەوە بە تاوانی تیرۆر دادەندرێن و سزادەدرێن بە زیندانی ، كە لە ١٥ ساڵ تێپەڕ نەكات . بڕگەی ٢ لە ماددەكە كە ئەم پێشنیازی یاسایە پشتی پێبەستووە ئەڵێت : نوسراو ، چاپەمەنی ، كاسێتی توماركراو ،یان هاوشێوەی ، وێنەی وای لەلا بێت یان بەدەست بێنێت ، كە هاندان ، بەچاك زانین ، یان پڕوپاگەندە لەخۆبگرێت بۆ ئەنجامدانی تاوانی تیرۆركاری بەمەبەستی بەخشینەوەی یان بڵاوكردنەوەی . بڕگەی ٤ ئەڵێت : ئەگەر بە ئەنقەست ، هەواڵ ، ڕونكردنەوە ،یان پڕوپاگەندەیەكی تۆقێنەر بڵاوبكاتەوە ، هۆیەكانی ڕاگەیاندنی بینراو ، بیستراو ، خوێندراو ، یان ئەلكترۆنی بەهەل وەربگرێت ، یان بەكاریان بێنێت ، لە ئەنتەرنێت بەیاناتی ئەوتۆ بڵاوبكاتەوە كە ڕاستەوخۆ بگاتە ڕادەی هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوانی تیرۆركاری وەها كە ئاسایشی گشتی بخاتە مەترسیەوە و ترس بخاتە نێو هاووڵاتیان و هەڕەشە لە قەوارەی سیاسی هەرێم بكات . جا ئەگەر بە وردی سەیری ئەو دوو بڕگەیە بكەین ، ئەزانین كە بۆ خودی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆریش چەند كارەساتبارە ، كۆی ماددەی چوارەمی ئەو یاسایە پڕیەتی لە ناڕۆشنی و لاستیكیی چەمك و دەستەواژەكان ، كە ئەمە بەردەوام ڕەخنە بووە لەو یاسایە و وەك داوێك بۆ سزادانی نەیارانی سیاسی پارتی و یەكێتی باسكراوە ، بەڵام ئامادەكارانی ئەم پڕۆژەیە و دواتریش ئەوانەی واژۆیان لەسەر كردووە (بەئاگاییەوە بوبێ یا بێئاگایی ) مەودای ئەو سزایەیان لە سیاسەتوان و ئەندامانی پارتە سیاسیەكانەوە ، فراوانتر كردووە تا كۆی ئەوانە بگرێتەوە كە قسە ئەكەن لە شوێن و پێگەی فەرمی بێ یا نا فەرمی . ئاسایشی گشتی وتاوانی تیرۆركاری كامانەن ، كێ دەستنیشانیان ئەكات ؟ هەواڵ و ڕونكردنەوەی تۆقێنەر چین و چۆن دیاریدەكرێن؟ بە جێهێشتنی تەفسیر و تەئویلكردنی هەموو ئەو ناڕونیانە بۆ دەسەڵاتێكی دادوەری حیزبی ، لە بەرژەوەندی كێدایە ؟ - ماددەی ١٣: لەم ماددەیەدا ئەڵێت : جگە لەو سزایەی كە لە مادەی (١٢) هاتووە، دادگاكان بەپێی بڕگەی (دووەم)ی "مادەی شەشەم"ی " یاسای رۆژنامەگەریی لە كوردستان/ ژمارە 35ی ساڵی 2007"، سزای سەرپێچیكاران دەدات. باشە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەو ماددەیە لەیاسای ژمارە (٣٥) ساڵی ٢٠٠٧ ، ئەبینین تایبەتە بە ڕاستكردنەوە و وەڵامدانەوە ، واتە تایبەتە بەو پێگەو و ڕۆژنامانەی كە وەڵام یا ڕاستكردنەوەیەك بڵاو ناكاتەوە . ئەوەی جێی سەرسوڕمانە لە نێوان ئەو تاوانانەی لە ماددەی ١٢ ئاماژەیان بۆ كراوەو ئەوەی لە ماددەی ١٣ دا هاتووە ، ڕیزێك تاوانی تر هەن كە لە سۆشیال میدیا ئەنجام ئەدرێن و ئەم یاسایە دورو نزیك نەچووە بەلایاندا و ئەوانە ئێستا كێشەی بەشێك لە خەڵك و بۆشایی یاسایشە ، لەوانی هەڵخەڵەتاندن ، دزی ، ئیستیغلالكردن و دەیانی تر. ماددەی ١٦: زۆربەی بڕگەكانی ئەم ماددەیە دژ بەیەك و ناكۆكە لەگەڵ ماددەكانی پێش خۆی بە نمونە : بڕگەی دووی ئەم ماددەیە سزایەكی پێنچ سەد هەزاری تا سێ ملیونی داناوە بۆ ئەوانەی كە سەرپێچی ماددەی (١١)ی یاساكە ئەكەن. كە ئەگەڕێتەوە سەر ماددەی (١١) تایبەتە بە وەڵامدانەوە و ڕاستكردنەوە ، ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ماددەی (١٣) بۆ سزادانی وەڵامنەدانەوە و ڕاستكردنەوە گەڕاوەتەو بۆ ماددەی شەشەم ، بڕگەی دووەم لە یاسای ژمارە (٣٥)ی یاسای ڕۆژنامەگەری ، بەڵام لەوێدا سزاكە ١ ملیۆن بۆ ٢ ملیۆنە . باشە لە یەك یاسادا چۆن دوو سزای جیا بۆ هەمان كردار دەستنیشان ئەكرێت ، دادوەر بە كام سزایەیان بڕوات ، ئەوەی لە یاسای ژمارە (٣٥) هاتووە و ماددەی (١٣) ئەم یاسایە خۆی پێوە پابەند كردووە یا یەوەی لە ماددەی (١٦) دا دەستنیشان كراوە . بڕگەی (چوار)ی ماددەی (١٦) ئەڵێت : سەرنوسەری "وێبسایت"، یان خاوەنی ئەكاونت و لاپەڕە، سزا دەدرێن بە غەرامەكردنێك كە لە "1000000" ملیۆنێك دینار كەمتر نەبێت و لە "5000000" پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت، ئەگەر ناوی كەسێكیان زڕاند، یان سوكایەتییان پێكرد، یاخود هەڕەشەیان لێكرد، چ بە بڵاوكردنەوەی پۆست بێت، یان كۆمێنت، یاخود نامە. ئەگەر هەر بەردەوامیش بوون، تۆماركردنەكەیان هەڵدەوەشێتەوە و ئەكاونت و لاپەڕە فەرمییەكەیشیان دادەخرێت و بۆیان نابێت تا ماوەی "3" سێ ساڵ، خاوەندارێتیی وێبسایت و لاپەڕە و ئەكاونت بەناوی خۆیانەوە بكەن. ئەم بڕگەیەش هەمان ناوەڕۆكی ماددەی دووەمی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی هەیە ، بەڵام بە سزایەكی توندتر لە ڕووی غەرامەوە . بڕگەی (پێنج)ی ماددەی (١٦) دووبارە جەختی لە جێبەجێكردنی بڕگەكانی (٢ ، ٤ ) لە ماددەی چوارەمی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر كردۆتەوە و لەم بڕگەیەدا ئەڵێت : لە كاتی بڵاوكردنەوەی مادەیەكی میدیایی دا، كە بەپێی خاڵەكانی (2) و (4)ی "مادەی چوارەم"ی "یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2006 یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) لە هەرێمی كوردستان- عیراق" بە تاوانی تۆقاندن هاتوون و قەدەغەكراون، سەرنووسەری "وێبسایت" و خاوەنی ئەكاونت و لاپەڕە، سزاكانی هەمان ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە. ئەم دوپاتكردنەوەیە نیەتی ئامادەكاران و ئامانجی یاساكە زۆرتر ڕوندەكاتەوە ، بۆیە تەنیا بە ماددەی (١٣) دڵیان ئاوی نەخواردۆتەوە و لە ماددەی (١٦) شدا ئەوەئ دوپاتكردۆتەوە كە سەرنوسەری وێبسایت و خاوەنی ئەكاونت و لاپەڕە هەمان سزا ئەیانگرێتەوە و مامەڵەی تیرۆرستیان بۆ ئەكرێت . ئەمانەو چەندین سەرنج و تێبینی تر لە سەر زۆری سزاكانی ئاگادارنەكردنەوەی سەندیكا لە چەند حاڵەتێكت جیاوازدا . بۆیە بە هەموو پێوەرێك ئەم پێشنیازی یاسایە ئەگەر ببێتە یاسا ، یەكێك ئەبێ لە خراپترین یاساكان بۆ كپكردنی ڕەخنە و دەنگی ناڕازیی . هیوادارم هەموو ئەو بەڕێزانەی لە ئیمزاكانیان پەشیمان بونەتەوە ، واز لە باسی كێشانەوەی ئیمزاكانیان بێنن ، چونكە ئەوە تازە هیچ لە بەردەوامیی قۆناغەكانی پەسەندكردن ناگۆڕێ ، بەڵام ئەتونن لە لیژنەكانیان و ناو هۆڵی پەرلەمان ، دژی ئەو ماددانە بووەستنەوە نەهێڵن بەم شێوەیە پەسەند بكرێت .