كۆمسیۆن كە هاتە پەرلەمان، قوڕمیشكراو بوو

گەشە دارا حەفید

29/08/2018

دوای پێنج ساڵ كاركردن لەسەر تۆماری دەنگدەران لەپێناو هەڵبژاردنێكی پاك، كە تیایدا ڕێز لە ئیرادەی دەنگدەر بگیرێ، پێشتر پێمان وابوو كۆمسیۆنی عیراقە و خۆماڵی نییە، بۆیە بێباكن لە هەرێم، هەرچەندە نوێنەری كوردستانیشی تیابوو، بەڵام لەدوای 2015 كە بووینە خاوەنی دامەزراوەیەكی وەك كۆمسیۆنی (سەربەخۆی) هەڵبژاردنەكان، مایەی دڵخۆشی هەموومان بوو كە نوێنەری لایەنەكانی تری تیایە، كە پێشتر ناڕازی بوون لەسەر ئەنجامدانی گزی و ساختەكاری لەهەڵبژاردنەكان، بەڵام بەداخەوە زۆر زیاتر لەماوەی كاركردنیان بێباكیمان بینی.
لەوەڵامدانەوەی ئێمەی پەرلەمانتاران لەناردنی داتاو زانیاری لەسەر تۆمارەكە و دوای ئەو هەموو هەوڵە لە رۆژی (9-7-2018) كۆمسیاران هاتنە پەرلەمان، بەڵام بەداخەوە یەك وەڵامیان بڕواپێهێنەر نەبوو بۆ ئێمەو خەڵكی كوردستان، كە ئەو تۆمارەیان بەجۆرێك ئامادەكردبێ تا بەرامبەر بەو ئەركە مێژووییەی لەئەستۆیانە پەرێزیان بێ گومان و شك بهێڵنەوە، هەموویان وەك یەك قسەیان كرد هەروەك ئەوەی قورمیشكرابن!! بێ لەوەی كە دوای سەردانكردنی ئێمە وەك چەند پەرلەمانتارێك بۆ كۆمسیۆن دواتر هاتنی كۆمسیاران بۆ لیژنەی كاروباری پەرلەمان، بەڵێنی ئەوەیان داینێ كە هەر پەرلەمانتارێك یەك نوسخە لە داتای تۆمارەكەی بۆ بنێرن، لەكاتێكدا ئێمە جەختمان كردەوە لەسەرئەوەی تۆمارەكە لەسەر سیدی بەبەرنامەیەك بنێرن وەك (Excel) تا بتوانین كاری لەسەربكەین و بەدواداچوونی بۆ بكەین، كەچی تا ئێستاش كە بڕیارە رۆژی (30-9-2018) هەڵبژاردن بكرێت، هیچ شتێك بەدەست ئێمەی پەرلەمانتاران نەگەیشتووە.
من هەمیشە لەگەڵ ئەوەدابووم و لەگەڵ ئەوەدام كە هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیاندا بكرێن و لەپێناو بەرژەوەندی و لاسەنگی نفوز و كورسی حزبەكاندا ئەو مافە لە خەڵك نەسەنرێتەوە كە چوار ساڵ جارێك بەئازادی دەنگی خۆی بدات، ئەو رەخنانەش كە لەتۆماری دەنگدەرانی دەگرم نە قسەی ئەمڕۆمەو نە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنە، چونكە ماوەی پێنج ساڵە یاداشت و راپۆرت و داواكاری پێشكەش بە پەرلەمان و حكومەت و حزبەكان و كۆمسیۆن دەكەم، بەڵام بەداخەوە لەكاتی خۆیدا هیچ كامیان گوێیان نەگرت!
دوای چەندین یاداشت بۆ پەرلەمان و حكومەت، ئەمەش بەشێك لە ووتەكانی ئێمەیە لە دانیشتنی رۆژی (9-7-2018)ی پەرلەمانی كوردستان كە كۆمسیۆنی تیا بانگهێشت كرابوو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group