لەبارەی عادل عەبدولمەهدی-یەوە

یاسین تەها

04/10/2018

زۆربەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق كۆڵێك هیوایان بەعادل عەبدولمەهدی هەیە. ناوبراو ئیداری و سیاسییەكی قورس و بیرمەندو نوسەرێكی ئابوری و ستراتیژیی ناسراوی عێراقە. سەدرییەكان بە دەستەگوڵی خۆیانی دەزانن بەوپێیەی لەئێستادا سەربەخۆیەو مەرجەكانی نەجەفی تێدایە.
حەكیم و مەجلیسی ئەعلا پێیانوایە ئەوان براوەن بەڕاسپاردنی، چونكە پێشتر سەركردەیەكی دیاری ریزەكانی ئەم ڕەوتە بووە.
پارتی و یەكێتی شاگەشكەن بەهەڵبژاردنی چونكە هاوڕێی نزیكی بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی-یەو پێشتر چەندین جوتەپێڵاوی سەردەمی خەباتی لەچیاكانی كوردستاندا دڕاندووە.
ئێران بە كەسێكی "وەلائی" ـی دەزانێت، چونكە نزیكترین كەس بوو لە محەمەد باقر حەكیم و عەبدولعەزیزی برای.
باكگراوەندە كۆنەكەشی لەدەورانی چەپ لای رەوتی مەدەنی خۆشەویستی كردووە، رەگەزنامە فەڕەنسییەكەی و هەردوو بڕوانامە ماستەرەكەی لەبواری كارگێڕی و ئابووری لە پاریس نزیكی دەكاتەوە لە ئەمەریكی و ئەوروپییەكان.
خەڵكی باشوری عێراق پێی دڵخۆشن بەوپێیەی لەئەسڵدا بنەماڵەكەی خەڵكی ناسڕیەن و بەقسەی خۆیان "شروگی"یەو ئەزانێت لەخەموژانی شۆرەكاتی ئاو.
بەڵام سەرباری هەموو ئەمە رێگای ناوبراو پڕە لەدڕك و داڵ و قۆناغێكی سەخت چاوەڕێی دەكات، تەنها یەك ساڵیش مۆڵەتی پێدراوە بۆئەوەی وێنەیەكی جیاواز لەخەراباتێكی گەورەدا پێشكەش بكات.
عەبدولمەهدی لە 12 مانگدا دەبێت بەرەنگاری زۆر دۆسیە ببێتەوە لەوانەش: قەرزەكانی سەر عێراق، جێبەجێكردنی یاسای حەشد، كێشەی كەركوك و ناوچەی جێناكۆك، چەكی عەشایەر لەباشوور، كێشەی وشكەساڵی و كەمئاوی، شەڕە قۆچی ئەمەریكاو ئێران لەسەر خاكی عێراق، مەترسیی پاشماوەكانی داعش، مافیاتی فەسادو گەندەڵی حزب و وەزارەتەكان، ئاوەدانكردنەوەی شارە كاولەكانی پاش شەڕ، كێشەی بێكاری و خزمەتگوزاری زۆر و دۆسیەیتری ئاڵۆز.
هاتنی عەبدولمەهدی و پێشوازیكردنی عەبادی لێی كۆتاییهێنا بە 15 ساڵ حوكمڕانی حزبی دەعوەی ئیسلامی (3 خول)، بەڵام ئەگەر شكستبهێنێت رەنگە لەگەڵیدا سیستمی سیاسی پاش 2003 بەتەواوی هەرەس بكات و ئەمیش كۆتا سەرۆك وەزیرانی ئەم تایپە حوكمڕانییە بێت، چونكە بارودۆخ چیتر بەبەرییەوە نەماوە.
زۆربەی لایەنەكان یەكدەنگ بوون لەكاندیدكردنی عەبدولمەهدی، بەڵام ناوبراو هیچ كوتلەو هاوپەیمانێتییەكی راستەوخۆی نییە لە پەرلەمانی بەغدا تا پشتیوانی بكات، تا ئێستاش بەڕوونی نازانرێت لەمەولا كێ پاڵپشتی یاسایی بۆ هەنگاوەكانی مسۆگەر دەكات؟ جگە لەوەش تەمەنی هەڵكشاوە بۆ سەروو 75 ساڵ و وەك پێشتر حەوسەڵەی نەماوە. جاران لەتافی گوڕی خۆیدا هەمیشە وازنامەیەكی نوسراوی لەگیرفاندا بوو تا لەكاتی پێویستدا پێشكەشی بكات و لەشاشەكان لەگیرفانی دەریدەهێنا، چ جای ئێستا كە هەم تەمەن و تەندروستی و هەم بارودۆخەكەی سەختترە. سەرباری ئەم راستییەش هێشتا گەشبینی بۆ سەردەمی ئەو زاڵترە بەسەر هەموو ئەگەرێكیتردا، بەتایبەت كە برادەری نزیكی سەرۆك كۆمارە و پێكەوەگونجانی زۆر هەیە لەنێوانیان و لەدوای راسپاردنی پەیتا پەپتا پاڵپشتی ناوخۆیی و دەرەكی دادەبارێت بەسەریدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group