نامەیەك بۆ سەرۆك كۆماری عیراق

تەها سلێمان

15/10/2018

بیرت دەخەمەوە لەساڵی 2009 كە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بوویت، لەگەڵ شاندێك لە وەزیرەكانی كابینە وەزارییەكەت، سەردانی شاروشارۆچكەكانی گەرمیانت كردو كۆمەڵێك دیدارو چاوپێكەوتنی فراوانت ئەنجامدا. لەوسەردانەدا، ئێمە چانسی ئەوەمان هەبوو، لەگەڵ كۆمەڵێك خەڵكی تر لەنزیكەوە جەنابتان ببینین و لەنزیكەوە كۆمەڵێك بیرۆكەو پێشنیارم خستە بەردەمتان، كە گرنگترینیان ئەوەبوو، ئێوە لەجەنابی مام جەلال نزیكن و گوێتان لێدەگرێ، ئەوكات مام جەلال سەرۆك كۆماری عیراق بوو؛ دەقی پێشنیارەكەم ئەوەبوو مێژووی دوورو نزیكی عیراق پڕە لەتاوانی (جینۆساید، تاوانی دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ) و لەدیارترینیان، تاوانەكانی (جینۆسایدی فەیلیەكان، تاوانی جینۆسایدی بارزانیەكان، تاوانی جینۆسایدی دووجەیل، تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، تاوانی جینۆسایدی قەڵادزێ و پشدەر، تاوانی جینۆسایدی ئەشكەوتی دەكان، تاوانی جینۆسایدی گووندی سۆریا، تاوانی سەركوتكردن و قەتڵ و عامكردنی ڕاپەڕینەكانی خوارووی عیراق و هەرێمی كوردستان لەساڵی 1991، تاوانی ڕاگواستن لەهەرێمی كوردستان) كەتێكڕایان حكومەتی پێشووی عیراق ئەنجامی داون و لێیان بەرپرسیارەو نوێترین تاوانی جینۆسایدیش كەدەوڵەتی تیرۆریستی داعش دژ بەئێزدی و پێكهاتەكانی مەسیحی و شەبەك و كاكەی لەساڵی 2014 ئەنجامیدا.
لەدوای 2003 كە حكومەتی تاوانكاری عیراق ڕووخاوو حكومەتی نوێ درووست كرا، كوردیش پشكێكی گەورەی لەدرووستكردنەوەو دامەزراندنەوەی هەیە، پێویستە سەرۆك كۆمار وەك ئەوەی نوێنەرایەتی تەواوی گەلانی عیراق و هەرێمی كوردستان دەكات، پێویستە بەفەرمی و لەژێر چەترو لەبەر ڕۆشنایی دەستووری عیراق و بەپشت بەستن بە بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق، بەفەرمی داوای لێبوردن لەگەلانی عیراق و خانەوادەو كەس و كاری قوربانیەكان بكات؛ ئەوكات ڕای ئێوە وابوو كە ئەم حكومەتە تاوانی نەكردوە تا داوای لێبوردن بكات و شتی وا مومكین نیە.
من دەمەوێ لێرەوە، بیرتانی بخەمەوە كە ڕەنگە ئەم ڕاستیە نەخرابێتە پێش دەستی ڕەوان شاد جەنابی مام جەلال و ئێستاش ئێوە لەدوای بەڕێزیان، لەمەقام و پلەی سەرۆك كۆمارن، و دڵنیاشم زۆر ئەرك و كاری گەورە چاوەڕێتان و لەناو ئەرك و كارە گەورانە، بەڕای من یەكێكیان ئەوەیە كە جەنابتان بەمەرسومێكی كۆماری لەبەرامبەر ئەوتاوانانەی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق دژی گەلانی عیراق ئەنجامی داون، داوای لێبوردن بكەن و نامەی فەرمیتان بگاتە دوا ماڵی قوربانیەكان و ئەمەش دەرفەت و دەریچەیەكی گونجاوە، بۆ ئەوەی هاوسەنگی نێوان پێكەوە ژیانی تەواوی پێكهاتەكانی عیراق وكوردستان ڕابگیرێ و هیچ و حكومەت و هێزو گروپێك لەعیراق و كوردستان پڕكێشی و بوێری دەست بردن بۆ دووباربوونەوەی تاوانەكانی جینۆسایدو دژی مرۆڤایەتی و جەنگ ببات و ڕێگاش خۆش دەكات بۆ ئەوەی عیراق وەك دەوڵەت ڕێككەوتننامەی ڕۆمای ساڵی 1998 واژۆبكات و ببێتە ئەندام لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی.
كارێكی وا گرنگ ئێستا لەئەستۆو گەردن و بەرپرسیارێتی ئێوەدایە، دەتوانن سوود لەدەیان نموونەی ئەو دەوڵەتانە وەربگرن كەتیایاندا تاوانەكانی جینۆساید، دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ، تاوانی دووژمنكارانە، ئەنجام دراون و دواتر حكومەتە تازەكانیان لەپاش نەمانی حكومەتەكانی پێشووی خۆیان، وەك میراتگرەوەی حكومەتەكانی پێش خۆیان، ئەمەیان كردوەو بەفەرمی داوای لێبوردنیان لەگەلەكانیان كردوە، كە تاوانیان دەرهەق ئەنجامدراوە.
هیوادارم هیچ پاساوێكی ناڕەواو بێبنەما نەدۆزنەوە، بۆ هەڵهاتن لەم بەرپرسیارێتیە مێژوویی و ئاكارییەو بەزووترین كات بەمەرسووم و بڕیارێكی كۆماری جێبەجێی بكەن، بۆ ئەوەی ئەم مەرسووم و بڕیارەی مەقامی سەرۆك كۆماریتان، ببێتە بنەمایەك بۆ دادپەروەری و پێكەوەژیان و ڕێزگرتن لەمرۆڤ و قوربانیەكانی دەستی تاوانەكان و ڕێگاگرتن لەدووبارە بوونەوەیان و لێپرسینەوە لەبكەری تاوانەكان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group