سەربازێكی تورك لەسەر سوچی گەڕەكەكەمان و خوێندنگەش لە پایتەخت

لاڤه‌ كورده‌

27/10/2018

سوپای توركیا لە ناو خاكی هەرێم زیاتر لە 10 گوند لە ژێر كۆنتڕۆڵیدایە و بەپێی وتەی بەرپرسانی ناوچەكەش وەك سیدەكان و شیلادزێ و ئامێدی و برادۆست، 20 بارەگای سەربازی هەیە و بە قوڵایی 35 بۆ 40 كیلۆمەتر هاتوونەتە ناو خاكی هەرێمەوە.
ژمارەیەكی زۆری بارەگای سوپای وڵاتێكی تر هەروەها ژمارەیەكی زۆری سەرباز هی وڵاتێكی تر، لە ناو خاكەكەتدا، دەبێت جێی هەڵوەستەكردن بێت نەك بێدەنگبوون، داخڵبونی سەربازی توركیا بۆ ناو خەڵك و بۆ ناو بازاڕەكان و بۆ ناو مزگەوت و ماڵەكان كە هیچ یاسایەك رێگەیان پێنادات بوونیان هەبێت، جێی مەترسیە.
بەدەر لەمە دەرخستنی كەرەستەی سەربازی، ئامێر و چەكی قورسی سەربازی و بە ئاشكرا گواستنەوەی لەنێوان شارۆچكە و گوندەكان ئەمە رادەستكردنی خاكی هەرێمە بە توركیا، ئەگەرنا دەبوو بەرپرسان و حكومەتی هەرێم بە تایبەت لە بەرامبەر بوونی سوپا و كەرەستەی سەربازی بەو قەبارە گەورەیە وەڵامیان هەبوایە، ئەگەر بابەتەكە پاراستنی خاكی توركیایە لە پەكەكە و چالاكیەكان كە لە هەرێمەوە ئەنجام دەدرێت، بیانویەكی لاوازە.
هەبونی سەربازی تورك لە ناوچەكەدا دەرونی یەك بە یەكی هاووڵاتیانی ئەو ناوچانەی بەرەو مەترسی بردوە، ئەوان هەموو كات چاوەڕێن تەواوی ناوچەكە ببێتە سەرباز و شەڕێكی قورس ببینن، ئەوان لە ترسدا ماڵەكانیان چۆڵكردوە و وازیان لە كاری ئاژەڵداری و كشتوكاڵ هێناوە، رەزو باخ و بێستانەكانیان بەهۆی تۆپباران و بۆردومانی توركیاوە سوتاون و لەناوچوون، حكومەتی هەرێم دەبێت خەمی هاووڵاتیانی خۆی هەڵگرێت و لە پێناو ئارامی و ژیانی منداڵانی ناوچەكە بێتە دەنگ، بەڵام بە داخەوە حكومەت بێجگە لەوەی بونی توركیای لە ناوچەكە كردۆتە راستی، لە هەولێری پایتەختی هەرێم رێگەی بە كردنەوەی قوتابخانەی مەعاریفی توركی داوە، ئەوەش لەكاتێكدایە حكومەتی توركیا رێگەنادات خوێندن تەنانەت لە خوێندگەیەكی باكوری كوردستانیش بە زمانی كوردی بێت.
ئایندەی هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەجێندای سیاسی و پەروەردەیی توركیاوە ناڕونە و ئەوەی لەبەرچاومانە بەیانیەك لەخەو بەخەبەر دێین سەربازێكی تورك لەسەر سوچێكی گەڕەكەكەمانە و منداڵەكانمان بەهۆی خوێندن و كلتور و بونی خوێندنگە و سەربازی توركیا، لە زمان و كلتور و خاكی خۆمان دادەبڕێن، وردە وردە حكومەتی هەرێم بەرەو ئامانجەكەی چەند ساڵەی توركیا دەمانبات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group